کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگاکانی مەرگ بەردەوام گیان دەستێنن

13:02 - 1 سەرماوەز 2723

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگای بیجاڕ بۆ‌هەمەدان، ٤ کەس گیانیان لەدەست دا و ٧ کەسیش بریندار بوون.

لە لایەکی تریشەوە لە پارێزگای ورمێ، تەنیا لە ماوەی ٧ مانگدا، ٤٠٠ کەس بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە.

كەماڵ ‌‌هادیانفەر، سەرۆکی پۆلیسی هاتوچۆی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە ٧٠٣ شار لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە هەبوونی پۆلیسی هاتوچۆ بێبەرین و لە تەواوی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا ٥٢٠٠ خاڵ لە دەرەوەی شارەکان و ٣٢٠٠ خاڵ لە نێو شارەکاندا وەکوو خاڵی مەترسیدار ناسێندراون کە زیاترین ڕێژەی ڕووداوەکان لەوێدا ڕوو دەدەن.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی یەک ساڵدا،  زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس لە ئێران و كوردستان بوونەتە قوربانیی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و گیانیان لەدەست داوە.

هۆکاری سەرەکیی ئەم چەشنە ڕووداوانە لە هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەبوونی ڕێگاوبانی ستاندارد و نەبوونی پۆلیسی ڕێگاوبان لەو ڕێگایانەیە کە مەترسیی ڕووداوەکان تێیاندا زۆرە.

یەکێکی تر لە هۆکارەکان، ناستانداربوون و بێ کەڵکبوونی ئەو ماشینانەیە کە لە ئێراندا درووس دەکرێن.

ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن ڕێژیمەوە، چەواشەکارییان تێدا دەکرێ و ئاماری ڕاستەقینە زۆر زیاتر لەوەی کە بەفەرمی ڕادەگەیەندرێت.