وتووێژەکان بۆ ڕێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستێکی ٣ تا ٥ ڕۆژە بە نێونجیی قەتەر لەئارادایە.
کاناڵی ئەلجەزیرە لە زاری عێزەت ئەلڕەشیق، بەرپرسی وتووێژەکانی حەماس بۆ ئاگربەست لە قەتەر ڕایگەیاند : قەتەر بە زووترین کات وردەکارییەکانی ئاگربەستەکە سەبارەت بە ماوەی ئاگربەست و چۆنییەتی یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی غەززە و ئازادیی بارمتەکان، ڕادەگەیەنێت.
ئیسماعیل هەنییە ڕێبەری حەماس، ڕۆژی سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاند: بەرپرسانی حەماس لە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل نزیک بوونەتەوە و وڵامی خۆیان داوەتەوە بە لایەنی قەتەری.
بەپێی زانیارییەکان یەکێک لە بڕگەکانی ڕێکەوتنەکە، ئازادکردنی ژنان و منداڵانی دەسبەسەرکراو لە دوو لایەن بوو.
لە ڕاپۆڕتەکەی ئەلجەزیرەدا هاتووە : بەر لە هێرشەکەی ١٥ی ڕەزبەر، ٥ هەزار و ٢٠٠ فەلەستینی لە بەندیخانەکانی ئیسرائیل دەسبەسەر کرابوون کە لە دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ٣٠٠٠ فەلەستینیی تر کە ١٤٥ منداڵ و ٩٦ ژن و ٣٧ هەواڵنێری تێدایە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەسبەسەرکراون.
لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە ١٥ی ڕەزبەر و دەسپێکی شەڕ تا ئێستا، زیاتر لە ١٣ هەزار و ٣٠٠ کەس لە غەززە و ١٢٠٠ کەسیش لە ئیسرائیل گیانیان لەدەست داوە.