کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژەنڕاڵ جۆزەف ڤۆتەڵ: کێشەی غەززە ڕەنگبێ تەشەنە بکات، چونکە ئێران کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر میلیشیا بەکرێگیراوەکانیەوە نییە

14:58 - 1 سەرماوەز 2723

پادکەستی ئەلمانیتۆر – عەمبرین زەمان و جارێد زووبا

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

 

عەمبەرین: لەگەڵ درێژەکێشانی ناکۆکیی نێوان ئیسڕائیل و حەماس نیگەرانییەکان لەمەر ئەگەری تەشەنەکردنەکەی لە ئارادایە کە ڕەنگبێ ببێتە هۆی دەستێوەردانی پتری لایەنە ناوچەییەکان، بە تایبەتی لەلایەن حیزبوڵڵا و ئێرانەوە. ڕێژەیەکی بەرچاو قوربانیی مەدەنی لەنێو فەلەستینییەکانی غەززە -لە نێویاندا زیاتر لە ٤٦٠٠ منداڵ، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە- بۆتە هۆی مەحکوومکردنی نێونەتەوەیی و کاڵتربوونەی هێرشە مرۆڤکوژییەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە ١٢٠٠ ئیسڕائیلی و هۆی شەڕی ئەو جارە.

بۆ باس لەسەر ئەو کێشەیە و کاریگەرییە بەربڵاوترەکانی، فەرماندەی پێشووی ناوەندی فەرماندەیی وڵاتە یەکلگرتووەکان، ژەنڕاڵ جۆزێف ڤۆتەل، کە سەرپەرشتی شەڕ دژی داعش بوو و زانیاریی قووڵی لەسەر ناوچەکە هەیە، لەگەڵمانە. هەواڵنێری پێنتاگۆنمان، جارێد زووبا، کە ڕاپۆرتی شەڕی داعشی دەناردن، ئەویش هاوبەشی گفتگۆکانی ئەمڕۆمانە.

 

عەمبەرین: گەلێک سوپاس ژەنڕاڵ ڤۆتەل کە ئەمڕۆ لەگەڵمانی.

ژەنڕاڵ جۆزێف ڤۆتەل: گەلێک سوپاس عەمبەرین، خۆشحاڵم کە لەگەڵتانم و سوپاس بۆ باگهێشت‌کردنەکەتان.

ع: ئێستا دەورانێکی سەرشێتانەیە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و کاتێکی جێگای نیگەرانییە. نێردەی پێنتاگۆنی ئێمە، جارێد زووبا لەگەڵمانە ئەمڕۆ و ئەو یەکەم پرسیار ئاراستە دەکات.

جارێد: دیسان سوپاس ژەنڕاڵ بۆ بەشداریتان. دەمهەوێ لە بارەی شەڕی ئیسڕائیل و حەماس پرسیار بکەم. لە ڕوانگەی مەیدانییەوە لە کام بڕگەی شەڕداین؟ بە لەبەرچاو گرتنی ئەو زانیارییەی لە بەردەست‌دایە، هەنگاوی داهاتوو چییە؟ پێتوایە هیزی بەرگریی ئیسڕائیل ڕێنوێنییەکانی کاربەدەستانی ئەمریکای لەبارەی ئاست و چۆنیەتیی شەڕەکە لەبەر چاو گرتووە؟

ژ. ڤ: سوپاس و خۆشحاڵم لەگەڵ هەردووکتانم. پێم‌وایە ئێمە هێشتا لە سەرەتای ئەو هەڵمەتەداین. شتی زۆر قەوماوە، بێگومان هێرشێکی زۆر لەلایەن ئیسڕائیلەوە کراون و ئێستا جووڵەی هێزێکی بەرچاو لە غەززەدا دەبینین، لە شاری غەززە و دەوروبەری. تاقمێک شەڕ و پێکدادان لە باکووری ئەو وڵاتە دەبینرێن. بەڵام لێکدانەوەی من ئەوەیە کە هێشتا کارێکی زۆر ماوە بکرێ و لە هەمووی گرینگتر لەنێو شاری غەززە، کە هەڵبەت شەڕێکی گەلێک دژوارە و پێم‌وایە هەموو ئەوانە ماون. بەڵام تەنانەت دوای ئەوانەش، دژوارترین بەشی ئەوە هەوڵ بۆ گواستنەوەی ئەو عەمەلیاتە سەربازییە بۆ ڕێگاچارەیەکی سیاسییە. بە بۆچوونی من لە کۆتاییدا ئەوە دژوارترین بەشە. بەڵام هەر وەکوو ئەو بەیانییە باسمان کرد ئێمە لەوبارەوە شتی زۆرتر دەبینین. بەڵام من پێم‌وایە ئێمە ئێستا لە قۆناخێک داین کە چاوەڕوانیم دەکرد و هێشتا زۆر شت ماوە بکرێ و شەڕی زۆر دژوارمان لە پێشە. لەبارەی ئەوەی ئیسڕائیل چۆن ئەو کارە دەکات پێم‌وایە پەیامی بەهێز لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکا و ئەوانەی هەوڵیان داوە ڕاوێژکاری ئیسڕائیلییەکان بن، ئەوە بووە کە چۆنیەتی جێبەجێ کردنی ئەو کارە بەقەد کردنی کارەکە گرینگە و ئەوە مومکین نییە بێتوو لایەنە مرۆییەکەی لەبەرچاو نەگیرێت. پێم‌وایە بەشێک لە ئامۆژگاریی دەوڵەتی ئەمریکا ئەوە بووە کە ئێمە دوای هێرشی یازدەی سێپتەمبەر هێندێک هەڵەمان کردن، لە یەکەم ساڵەکانی دوای کێشەکەدا. بێتوو دەرفەتمان هەبا ئەو کارە دووپات بکەینەوە، بە شێوەیەکی دیکە هەنگاومان دەنا. من پێم‌وایە ئیسڕائیل بەشێک لەو ئامۆژگارییانە لەبەر چاو دەگرێ، رێککەوتنی لەبەرچاوگرتنی پشوو لە شەڕدا، نموونەی ئەو ڕێنوێنییانەن. پێم‌وابێ ئیسڕائیل دەبێ ڕێز لەوە بگرێ کە بەشێک لە بردنەوەی ئەو شەڕە، هەرچۆنێک بردنەوەکە پێناسە بکەن، دەبێ ناوبانگەکەیان لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی و بێگومان لە ناوچەدا بگرێتەوە، بۆیە دەبێ هەموو ئەو نیگەرانییە مرۆییانە لەبەر چاو بگرێ، وەک بەشێک لە هەڵسوکەوتی درێژخایەنیان لەگەڵ ئەو کێشەیە. من پێم‌وایە ئەوان دەستیان کردوە بە هێندێک کاری دروست لەو بارەوە، نازانم ئەوە بەسە یان نا. ئێستا دۆخێکی گەلێک دژوارە، پێم‌وایە ئەوان هەوڵ دەدەن بەگوێرەی یاسای کێشەی چەکدارانە بجووڵێنەوە، بەڵام دۆخەکە لە ڕادەبەدەر دژوارە.

 

ع: هاوکات ئێمە ڕاپۆرتی پشتڕاست نەکراوە دەبیستین کە ئیسڕائیل ڕەنگبێ دژی حیزبوڵڵا هەنگاو بنێ و بە شێوەیەک چاوەڕوان دەکرێ وڵاتە یەکگرتووەکان لەو بەرەیەدا بەشداری بێ، هەڵبەت بێگومان ئەوە بەو مانایەشە کە ئێران بە شێوەیەک دەبێتە بەشێک لەو کێشەیە. ئێوە چەندە نیگەرانن ئەو شەڕە ببێتە کێشەیەکی هەرێمی کە لایەنی دیکەش بگرێتەوە، وەکوو ڕووسیە، ئێران و حیزبوڵڵا.

ژ. ڤ: هەڵبەت لە سەرەتاوە تەشەنەکردنی کێشەکە هۆی نیگەرانیی زۆر بووە. پێم‌وایە هەموو چاوەڕوان بوون کە لە ئاکامی ئەوەی لە ٧ی ئۆکتۆبردا ڕووی دا، کاردانەوەیەک دەبێ ڕاستەوخۆ دژی حەماس دەبێ، بەڵام بەئاشکرا لە بەرژەوەندیی هیچ کەسدا نییە، لەبەرژەوەندیی ئیسڕائیل نییە، لە بەرژەوەندیی ناوچەکەدا نییە، لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا نییە کە کێشەیەکی گەلێک بەربڵاوتر لە سەرانسەری شام یان ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بێتە ئاراوە. من بەردەوام بڕوام بەوەیە، یەکەم حەوتووەکانی کێشەکە لە لێکدانەوەی هەڵە یان هەنگاوی هەڵە لە هەر لایەکەوە نیگەران بووم کە ڕەنگبێ کێشەکە بەربڵاوتر بکاتەوە. پێم‌وایە ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر خۆمان لەوە بوارد و پێم‌وایە ئەوە باشە. نازانم ئەوە لە بەرژەوەندیی ئیسڕائیل‌دایە کە هێرش بکاتە سەر حیزبوڵڵا لە ئێستادا، پێم‌وایە یەکجار زۆرتر دەخوازێ کە ئیسڕائیل هۆشی لە ئەرکە دژوارەکەی لە غەززە بەرەو ئاقارێکی دیکە ڕانەکێشرێ، بۆیە پێم‌وانییە ئەوە لە بەرژەوەندیی ئەواندا بێ. بەڵام ئەوە ڕوونە کە نیگەرانییەکان لە سەرانسەری ناوچەکە ئاماژەیان پێ بکرێ، وەک ئاکامی هەموو ئەوانە، چونکە ئەو شتانە کۆتاییان نایە. هەڕەشەی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسڕائیل کۆتایی نایە، هەروەها ئێران لە کۆتایی ئەو دۆخەدا هەر لەوێ دەبێ. ئەوان درێژە بە هەوڵدان بۆ ئامانجەکانیان دەدەن، بۆیە دەبێ ڕێگایەک بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەوانە هەبێ. بەڵام تا ئەو جێیەی دەگەڕێتەوە سەر کێشەی بەربڵاوی ناوچەیی. ئەمن پێشتر نیگەرانی لێکدانەوەی هەڵە بووم، ئێستا من کەمتر نیگەرانی ئەوەم. لە کاتێکدا هێشتا پێم‌وایە ئەگەری هەیە، بەڵام پێم‌وایە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەمتر دەبێتەوە، ئێستا ئەگەری کەمتر هەیە کێشەیەکی هەرێمی پەیوەندیدار بەو دۆخەی ئێستا بێتە ئاراوە.

 

ع: ئەوە بۆ هەموومان کە بەدوداچوون بۆ هەواڵەکانی ناوچەکە دەکەن، ئاشکرایە کە ئێران بە هیچ شێوەیەک نایهەوێ کێشەکە قووڵتر بکاتەوە، ئەگەرچی خەڵکی وەکوو نەسڕوڵڵا، ڕێبەری حیزبووڵڵا، لێدوانی شەڕخوازانە بڵاو دەکاتەوە و دەڵێ ئێمە بۆتان دێین، بێتوو درێژە بەو هێرشە بدەن. بەڵام دان‌بەخۆداگرتن و خۆبواردن لە وەڵامدانەوە بە میلیشیا شیعەکانی کە ئێران لە پشتیانە و لە سووریە و عێراق چالاکن، تا کەنگێ درێژەی دەبێ؟

ژ. ڤ: بەڵێ تۆ باسی خاڵێکی گرینگ دەکەی. من پێم‌وایە نیگەرانی هەیە لەبارەی کۆنتڕۆڵ بەسەر میلیشیا شیعەکان کە گەلێک بچووکترن و شتێکی زۆر کەمتریان بۆ لەکیسدان هەیە و ڕەنگبێ بیانهەوێ کەلک لەو دەرفەتە وەرگرن تا بەو کارانە خۆیان قوت بکەنەوە و پێگەیەکی بەرچاوتر لە دنیای شیعەدا بۆخۆیان دەستەبەر بکەن و ئەوان دەتوانن کەلک لە دۆخەکە وەرگرن. ئێمە جووڵانەوەی وەهامان دیتوون، یان بەشێک لەو جووڵانەوە وەکوو عەسائیب ئەهل ئەلحەق کە بۆ بەشی ڕۆژاوای سووریە چوون و ڕێکخراوی وەکوو کەتائیب حیزبوڵڵامان دیتوە کە وێدەچی لەپشت ئەو هێرشە وەڕەزکارانە بن کە دەکرێنە سەر دامەزراوە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە و بێگومان حوسییەکانیش کە هاژەک بەدرێژایی دەریای سووردا دەهاوێن، جێگای نیگەرانین و بێگومان دەسەڵاتی زۆریان بەسەر شوێنی سەرەکی باب ئەلمەندەبەوە هەیە و پێم‌وایە دەبێ گەلێک لەو بارەوە نیگەران بین. شتێکی کە زۆر من نیگەران دەکا ئەوەیە چۆن ئەو ڕێکخراوە بچووکانە کۆنتڕۆڵ بکرێن و بە شێوەی سەربەخۆ هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەین. من پێم‌وایە ئێران تا ڕادەیەک جڵەوی ئەوانی بەدەستەوە بەڵام من دڵنیا نیم ئەو کۆنتڕۆڵە هێندە مسۆگەر بێ کە ئێمە چاوەڕوانین و من نیگەرانی ئەو ڕێکخراوانەم کە دەتوانن ببنە هۆی گیر و گرفتی زیاتر، بەو ڕادەیە نا کە ڕەنگدانەوەی لەسەر کێشەی ئێستا هەبێ، بەڵام ئەوان بێگومان دەبنە هۆی زەرەری زیاتر کە بەرپەرچدانەو بخوازێ.

 

ج: سوپاس ژەنڕاڵ. پێم خۆشە بگەڕێمەوە سەر بنکەی فەرماندەیی سوپای قودس و بەکرێگیراوانی سوپای پاسداران دواتر، ئەگەر کاتمان هەبێ. بەڵام ئێستا پێم خۆشە بۆمان باسی لە تواناییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا بکەی کە ئەوان چەندە ئامادەن لە ئەگەری دەستێوەردان. ئەوان ئیزنی کام کاریان هەیە و ئەوە چۆن لە چوارچێوەی ستراتێژیی بەربڵاوتری بەرگریی نیشتمانیدا جێ دەگرێ، لە ڕوانگەی کەڵک لێ وەرگرتن و بەڕۆژکردنەوەیان. لەو پەیوەندییەدا ئێمە دەبێ چاوەڕوانی دیتنی چ شتێک بین؟

ژ. ڤ: ئەمن زۆر شتم دیتوون کە ئێوەش بینیوتانن. لەو دۆخەدا بڕیارەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئاستی سەرەوە دێن و زۆربەی بڕیارەکانی کەلک‌وەرگرتن لە هێز لە واشینگتۆنەوە دەدرێن، بە دڵنیاییەوە لە پێنتاگۆن و لەوێ‌ڕا دەنێردرێن بۆ سەنتکام و فەرماندەکانی ئۆپەراسیۆنەکان. لە دۆخێکی وەک ئێستادا ئەوە نابێتە هۆی سەرسوڕمانی من. ئەوە شتێکی ئاڵۆزە و ئەوان هەوڵ دەدەن سەرپەرشتیی دۆخەکە بکەن، نەتەنیا پشتگیریی ئیسڕائیل بکەن بەڵکو بە پەیوەندییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەشدا ڕابگەن و هەوەها چەندین هەڕەشە کە لێرە باسمان کردن. لە ڕوانگەی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵەوە پێم‌وایە ئێمە ئێستا لەو دۆخەداین. پێم‌وایە دەکرێ لەوبارەوە باس بکرێ کە ئاخۆ ئەوە هەڵوێستێکی دروستە یان نا؟ بەڵام ئێمە فەرماندەی گەلێک لێهاتوومان هەن کە دەتوانن دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن. ئەوە بەو شێوەیە کە سەرۆک‌کۆمار و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دەیانهەوێ ئەرکەکان دابەش بکەن و من پێم باشە. تا ئەوکاتەی ئەوان یارمەتیدەری بڕیاردانن. لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوە کە وڵاتە یەکگرتووەکان چی لێرە جێگیر کردوە، زۆر کەس دەزانن ئێمە دوو پاپۆڕی فڕۆکە هەڵگرمان بۆ ناوچەکە گواستنەوە. ئەوە یەکەم جارە کە دوای ماوەیەکی دوورودرێژ دوو تاقمی هێرشبەرمان گەڕاندۆتەوە ناوچە، ئەگەرچی زۆربەی کاتی فەرماندەیی من بەسەر سەنتکامەوە ئەوپەڕی پاپۆڕێکی لەو جۆرە لە ناوچەدا هەبوو، بەڵام ماوەیەکی زۆری کاتی فەرماندەیی من ئێمە هیچ پاپۆڕێکی ئەو جۆرەمان لێرە نەبوو. کەوابوو ئەوانە توانایی سەرەکیی بەرپەرچدانەوەمانن، ئەو فڕۆکە هەڵگرانە هەرکامیان ٨٠ بۆ ٩٠ فڕۆکەیان لەسەر نیشتوون کە دەتوانن تواناییەکی جەنگیی لە ڕادەبەدەر دروست بکەن، دەتوانن ڕووبەرێکی بەربڵاو داپۆشن و ئەو کارە زۆر خێرا ڕاپەڕێنن. کەوابوو ئەوە هێزی سەرەکیی چاوترسێن‌کردنی ئێمەن لێرە. وەک بیستووتانە ئێمە چەند ژێر دەریاییشمان هێناون بۆ ناوچە کە ئەوە تواناییەکان زیاتر دەکەن. ئەوە کۆی تواناییەکانمانن کە یارمەتیدەرمانن بزانن چ ڕوو دەدا. من پێم‌وایە ئامانجی هەموو ئەو سامانانە ئەوەیە ئامادەیی ئێمە نیشان بدەن و بە ئێران و هەموو لایەنێکی دیکە بڵێن چاو لێ کەن ئێمە لێرەین و ئامادەین و توانیومانە ئەو ئامادەییە کۆ بکەینە تا پشتیوانی ڕوانگەی خۆمان بین. ئێمە ئامادەی کەڵک لێ‌وەرگرتن لەو تواناییانەین و چەند جار لە ماوەی یەک دوو حەوتووی ڕابردوودا هێرشمان کردۆتە سەر میلیشیای سەر بە ئێران کە هێرشیان کردبووە سەر دامەزراوەکانی ئەمریکایی. کەوابوو ئێمە ویستی خۆمان لەگەڵ تواناییەکانمان ڕێک دەخەین و ئەوە لایەنێکی گرینگە. بەڵام هەر وەکوو ئاماژەم پێ کرد بێگومان ئەوە پەیامێکە بۆ بەرهەڵستکارانمان، پەیامێکە بۆ ئیسڕائیل کە ئێمە لێرەین و پەیامێکە بۆ ناوچە بە شێوەیەکی گشتیتر کە وڵاتە یەکگرتووەکان لێرەیە و چالاکانە هەنگاو دەنێ تا پێش بە کێشەیەکی گەلێک بەربڵاوتر بگرێ کە ئاسەواری ماڵوێرانکەری بۆ ناوچەکە دەبێ، نە تەنیا بۆ ئێمە و هەموو کەسێکی دیکە بەڵکوو بۆ سەرجەم ناوچە کە زۆر شت لەنێو دەبا. کەوابوو ئەوە ئەو شتەیە کە ئێمە دەیکەین و ئەوش زیاد بکەم کە زۆر جار گوێگرانمان پێیان وایە ئێمە تەنیا کەرەستەی سەربازیی نیشان دەدەین، بەڵام ئێمە کارێکی باشیشمان لە ڕوانگەی نیشاندانی ئامادەیی سیاسیش کردوە و پێم‌وایە ئەوەش گەلێک گرینگە. وەزیری کاروباری دەرەوە لانی کەم سێ جار هاتۆتە ناوچەکە، فەرماندەی سەنتکام دوو جار هاتوە، وەزیری بەرگری و سەرۆک‌کۆمار حەوتووی یەکەم هاتن. ئەگەر ئەوانە جەختکردنەوەی گەلێک ئاشکرای وڵاتە یەکگرتووەکان و ویستی کۆنتڕۆڵ‌کردنی دۆخەکە نیشان نەدەن، نازانم چ شتێک دەتوانێ ئەو کارە بکات. کەوابوو من پێم‌وایە ئێمە لە چەند حەوتووی ڕابردوودا کارێکی باشمان بۆ ئامادەیی سەربازیی و سیاسی کردووە و درێژە بەو کارە دەدەین.

 

ع: تەنانەت پێش ٧ی ئۆکتۆبر ئێوە گیرۆدەی هێرشی میلیشیای سەر بە ئێران و هەروەها هی تورکیەش بوون. ژەنڕاڵ مەزلووم لە سلێمانی تووشی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نزیک ببوو، کاتێک فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانی تورکیە هێرشی کردبوو بۆ سەر کاروانی ئوتومبێلەکانی و دیتوومانە ئەو جۆرە هێرشانە چەند جار دووپات بوونەوە و زەرەر و زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی مەدەنی لەوێ گەیاندوە. ئێوە چەندە نیگەرانن کە کێشەکە لە لایەن تورکیەشەوە قووڵتر بکرێتەوە و لە کۆتاییدا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هێرشانە لە چەند لاوە، بوونی وڵاتە یەکگرتووەکان لە سووریە چەندە بەردەوام دەبێ، بێگومان زەختێکی قورسی سیاسی و دیپلۆماتیکیش کە تورکیە لەوێ دەیهێنێ و دەڵێ من هاوپەیمانی ناتۆم و "ئێوە هاوکاریی تێرۆریستان دەکەن"، بۆچوونتان لەو بارەوە چییە؟

ژ. ڤ: بۆچوونی من لەو بارەوە ئەوەیە کە مانەوەی ئێمە بەردەوام دەبێ بەڵام پێم‌وایە دەبێ نادڵنیایی لە دۆخەکە بسڕینەوە. من پێم‌وانییە کە ئێمە بتوانین ڕێگا بدەین هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانمان لێرە لە سووریە و لە عێراق بێ‌وەڵام بمێننەوە و پێم‌وایە دەبێ خەڵک بەرپرسیار بکەین، بۆیە گەلێک دڵخۆشم کە هێرشەکانی دوێنێ‌شەو و ئەو دواییانە دژی ڕێبەرایەتی و مۆڵگەی ئەمنییەتی بوون. من پێم‌وایە وەڵامدانەوە بەوانە تەمی نادڵنیایی پەیوەندیدار بە دۆخەکە دەڕەوێنێتەوە و بەرهەڵستکاران وریا دەکاتەوە کە دەبێ تێچووەکە بدەن، بێتوو ئێوە ئەو کارە بکەن ئێمە ئەوە تەحەممول ناکەین، پێم‌وابێ ئێمە دەتوانین ئەو کارە بکەین و بوونمان پشتڕاست بکەینەوە و دەتوانین بوونمان بە شێوەیەکی بەردەوامتر لە سووریە و عێراق بسەپێنین. هەڵبەت ئاشکرایە لە عێراق ئێمە دەبێ لە نزیکەوە هاوکاریی دەوڵەتی عێراق بکەین. ئێمە لەسەر داوای ئەوان لەوێین، کەوابوو ئەوان دەبێ هێندێک بەرپرسیاریی بۆ سەرکوتی ئەو هەڕەشانە بۆ سەر هێزەکانمان قبووڵ بکەن. ئەوە لە بەرژەوەندیی ئەوان و ئێمەش‌دایە. دۆخەکە لە تورکیە بەڕاستی ئاڵۆزە و من ماوەیەکی دوور و درێژە نائومێد و تووڕەم و دڵنیا نین کە قەت بتوانین ئەوە لە ڕێگای سەربازییەوە چارەسەر بکەین. ئێمە هەوڵمان دا تاقمێک هەنگاوی متمانەبەخش لەگەڵ تورکەکان بگرینە بەر، بەتایبەتی لە کاتی هەڵمەتەکان لە عێراق، بەڵام ئێستا پێم‌وایە ئەوانە کەمتر بوونەوە. لە کۆتاییدا پێم‌وایە پێویست بە ڕێگاچارەی دیپلۆماتیک و سیاسی دەکات کە لە دەروەی دەسەڵاتی ئێمەدایە. چوار و نیو ساڵ لە هەڵمەتە سەربازییەکە تێپەڕ بووە و ئێمە نەماتوانیوە ڕێگاچارەیەکی سیاسی بدۆزینەوە کە مافە سیاسییەکان و دانپێدانان بە کوردان لە سووریە مسۆگەر بکات و پارێزگاریی دیپلۆماتیک و سیاسییان پێ ببەخشێ کە ئەوان دەیخوازن.

 

ع: کەوابوو ئێوە دەڵێن بەڕێوەبەرایەتیی بایدن بەگوێرەی پێویست کاری بۆ کوردان نەکردووە؟

ژ. ڤ: ئەوە تەنیا بەڕێوەبەرایەتیی بایدن نەبووە، بەڵکو هەموو ئەوانی دیکەش. ئەوە کێشەیەکی نێونەتەوەییە، شێوەی هەڵسوکەوتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بوارەوە شکستی هێناوە و نەیتوانیوە کارێکی ئەوتۆ بکات. لایەنەکانی دیکە وەکوو ڕووسیە، تورکیە و ڕێژیمی سووریە نایەنە سەر مێز بۆ هەرجۆرە وتووێژی سیاسی. من نامهەوێ هەموو تاوانەکە بخەمە ئەستۆی وڵاتە یەکگرتووەکان، ئێمە زۆر کارمان بۆ پشتیوانی لە کوردان کردوە  و لەو بڕوایەدام ئەوە لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە و بێگومان من کاتێکی زۆرم بۆ تەرخان کردوە بەڵام لایەنێکی گەلێک زیاتر پێویستە سەرنج بدەنە ئەو پرسە.

 

ج: ئێستا ئێمە باسی هەموو ناوچەکە دەکەین، لایەنی ئەمنییەتی و ڕێککەوتنی سیاسی، کاتێک ئێوە فەرماندەی سەنتکام بوون، کارتان لەسەر هێندێک وتووێژ لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە بارەی بەرگریی دژی هاژەکیی یەکگرتوو کرد، بەڕێوەبەرایەتی بایدن هەوڵی داوە بۆ بەربەرینتر کردنەوەی ڕێککەوتنی ئیبڕاهیم، هاوکاریی بەرگریی و ئەمنییەتی نێوان عەڕەب و ئیسڕائیل. هەڵوێستی هاوبەشان لەبارەی ئەگەری کێشەیەکی ناوچەیی، ئاخۆ بەشەکانی پێویست بۆ ئەمریکا و هاوبەشان بوونیان هەیە تا بتوانن هەڵسوکەوت لەگەڵ هێرشی هاژەکی درێژمەودا لەلایەن بەکرێگیراوانی ئێران بکەن؟ ئێوە باسی هێرشەکانی حوسییەکانتان لە یەمەنەوە کرد. ئێمە دەتوانین چ چاوەڕوانییەکمان لەو بارەوە هەبێ؟

ژ. ڤ: من پێم‌وایە ئێمە خەریکە دەگەینە ئەو ئاستە کە بتوانین هەڵسوکەتی لەگەڵدا بکەین. بیرۆکەی بەرگریی ئاسمانیی یەکگرتوو شتێکی نوێ نییە و ئەوە بیرۆکەی من نییە، هەموو لایەک لەهەوڵی ڕێژەیەک لە هاوکاریی ناوچەیی بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دابوون. لە ئاکامی ئامانجی جۆراجۆری سیاسی، جیاوازیی کولتووری، مەسەلەی متمانە پێکردن لەنێو هاوبەشانی ناوچە، تا ئەوڕۆ هەوڵەکان بەردەوام بوون. من پێم‌وایە ڕێککەوتنی ئیبراهیم پلاتفۆرمێکی باشە کە دەکرێ لەسەر ئەو متمانە و پەیوەندیی باش دروست بکرێن. مەبەستم ئەوەیە ئێمە ساڵێک لەوە پێش ڕاهێنانی سەربازیی هاوبەشمان لە نێوان ئیسڕائیل و بەشێک لە هاوبەشانی کەنداو و ئەمریکا وەک جۆرێک ڕێکخەری ئەو کارە دەدیتن کە لە ئاسمان و دەریا بەڕیوە دەچوون. من پێم‌وایە ئەوانە گرینگن و پەیوەندیی باشی بازرگانی لە نێوان ئەو وڵاتانەدا هەیە، ئەوانە لایەنی گرینگن، بەڵام من ئێستا بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی لە غەززە دەقەومێ نیگەرانم ئەوانە بە لاڕێدا بچن. پێویستە ئەوانە بێینەوە سەر ڕێچکەی خۆیان، بەڵام من پێم‌وایە ئەوە پلاتفۆرمێکە و ئێمە دەتوانین کەڵکی لێ وەرگرین و لە کۆتاییدا ئەوە پرسی متمانە لە نێوان هەموو هاوبەشەکانی کەنداوە و ئەوە شتێکە کە هەمیشە کەمایەسییەک بووە کە بۆتە سەر نەگرتنی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی یەکگرتووتر و شتی بچووکتر لێرە، کەوابوو کاتێکی زۆر دەگرێ ئەو کارە بکرێ بەڵام ڕێککەوتنی ئیبراهیم پلاتفۆرمێکی گونجاومان بۆ جێبەجێ کردنی ئەو کارە دەداتێ، لەگەڵ ئەوەدا پێم‌وایە ئێمە لە ئێستادا کەمێک ماومانە بەو ئامانجە بگەین.

 

ج: ئاخۆ ئێوە قازانجێک لە بەشداریی وڵاتە یەکگرتوەکان لەو کێشەیەدا دەبینن، هەڵبەت بەشداریی ڕاستەوخۆ نا بەڵکو پشتگیریی لە هەڵمەتی ئیسڕائیل و هەوڵ بۆ پێشگرتن بە کێشەیەکی بەربەرینترە. پێتان وایە بگەنە خاڵێک کە ببێتە بەربەستێک بۆ هەوڵەکانی واشینگتۆن بۆ ئاسایشی ناوچەیی.

ژ. ڤ: بەڵی، من پێم‌وایە. ئێستا ئێمە دوو پاپۆڕی فڕۆکە هەڵگرمان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست هەیە و پێم‌وانییە بتوانین ئەو دۆخە تا ماوەیەکی نادیار درێژە پێ بدەین. ئێمە ئەرکی دیکەمان لە ناوچەی ئۆقیانووسی هیند و ئارام هەن. ئێمە پێویستە جێگۆڕکێ بەو شتانە بکەین و من لەو بڕوایە دام کە ئێمە دەبێ ئاستێکی بەردەوام لە بوونی هێزەکانمان لە ناوچەدا بدۆزینەوە کە هێندە بەرچاو بێ کە بتوانین هاوبەشەکانمان دڵنیا بکەینەوە و بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانمان بکەین. ئەوە شتێکە کە ئێمە خەریکی خەبات بۆ دەستنیشان کردنین. ئێمە هەموو کایەکەمان دیتووە، لە بوونی سەدان هەزار هێزی سەربازیی لە ناوچەدا تا ئەوەی پێش ئەو دواییانە کە نزیکەی ٢٠ تا ٣٠ هەزار کەسی لێبوون. ئێمە دەبێ ئاستی ڕێژەی بەردەوامی هێزەکانمان و توانایی سەربازیی پێویست لە ناوچەکەدا دیاری بکەین. من پێم‌وایە ئەو بەرژەوندییەی لێرە هەمانە ئەرکداریی سامانی سەربازیی ئێمە دەخوازێ و مەبەستم ئەوەیە ئێمە هێشتا نیگەرانی ناسەقامگیریی لە ناوچەین. ناسەقامگیریی ئێرە، لێرە نامێنێتەوە و کاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییەکانمان لە شوێنی دیکە دەبێ. ئێمە نیگەرانی تێرۆریزمین، ئێمە لەو دواییانەدا نموویەکی باشمان دیت. ئێمە نیگەرانی بەردەوامبوونی بازرگانیی و هەناردەکردنی سامانەکانی ناوچەین. ئەوە بەشێکی ژینەکی بەرژەوەندیی وڵاتە یەکگرتووەکانە. ئێمە نیگەرانی ئامانجە بەدخوازانەکانی ئێرانین، بە تایبەتی لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی و شتی ئەوتۆ. ئەوە شتێکە کە ئێمە دەمانهەوێ پێشی پێ بگرین. من پێم‌وایە کاریگەرییەکی ئەرێنی لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە لە ناوچەدا لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە. من لەو باوەڕە دام ئێمە هاوکات کە سەرنجی پێویست دەدەینە ناوچەی دیکە، دەتوانین ئەو کارە بکەین، وەکوو ناوچەی ئوقیانوسی هیند و ئارام. پێم‌وابێ ئێمە هێندە دەوڵەمەندین کە بتوانین ئەو کارە بکەین. دەبێ ئەو کارە بکەین و بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانمان بکەین، ئێمە دەبێ بیر لە درێژ مەودا بکەینەوە و بزانین کە ئەوەی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەگوزەرێ، لەوێ نامێنێتەوە. ئەوە دەبێ بەشێک لە ستراتێژیی ئاسایشی نەتەوەیی بەربڵاوتر بێ کە نیگەرانییەکانمان لە شوێنی دیکەش دەگرێتەوە. لە زۆر بوارەوە ئەوانە تا ڕادەیەکی زۆر پێکەوە گرێدراون، بە هۆی نیگەرانییەکان لە بارەی کێبڕکێی زلهێزەکانەوە.

 

ع: دوایین پرسیار ژەنڕاڵ، لە سەرەتاکانی کێشەکە بیرۆکەیک هەبوو کە حەماس و داعش یەکن. ئەوە لە لایەن دەوڵەتی ئیسڕائیل بڵاو دەبۆوە. ئەوان یەکن؟

ژ. ڤ: من پێم‌وانییە ئەوان دەقاودەق یەک بن. بەشێک لە شێوازەکان و دڕندەییەکان و بەشێک لە تاکتیکەکان وەک یەک دەچن، هەر دوو بەسەر خاکەکەدا زاڵن و دانیشتووان کۆنتڕۆڵ و ناچار دەکەن، لەوانەدا هاوبەشن. هەردوو لا هاندەریان ئایدیۆلۆژییەکی ڤایرۆسییە کە لە سروشتدا گەلێک وێرانکەرە. پێم‌وابێ لەو شتانەدا هاوبەشن. جیاوازییەکە بە بۆچوونی من لەوە دایە کە حەماس، بە باش یان خراپ، ڕەنگبێ زۆرتر بە خراپ وەک دەسەڵاتی غەززە بۆ ماوەی چەند ساڵ دانی پێدا نرابوو. کەوابوو ئەوان ویستێکی گەلێک بەرچاوتریان هەبوو کە خۆیان لەناو دانیشتووان و خاکەکەدا حەشار بدەن. ئەوە جیاوازییەکی فیزیکییە لە بەراورد لەگەڵ داعش. داعش دەستی بەسەر ڕووبەرێکی بەربەریندا گرت و خۆی لەناو خەڵک دا حەشار دا، بەڵام ئەوان ئەو کارەیان وەکوو حەماس بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ نەکرد. لایەنێکی دووهەم ئەوەیە کە ئەو حەشیمەتەی حەماس دەسەڵاتی بەسەرەیانەوە بووە لە ئەو حەشیمەتەی داعش هەیبوو جیاوازە. حەشیمەتی ژێر دەسەڵاتی داعش بە زۆر ملکەچ کرابوون، ئەوان داعشیان بۆ هیچ جۆرە شێوازێکی ڕەوای دەسەڵاتداریی هەڵنەبژاردبوو. پێم‌وابێ ئەوە جیاوازییەکەیە لە بەراورد لەگەڵ فەلەستینییان. هێندێک ئاژانسی مەدەنی لەنێو حەماسدا هەبوون، ئەوان هێندێک خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکرد و لایەنەکانی دەوڵەتیان تێدا بەدی دەکرا، ئەوە کەمێک جیاواز بوو، ئەوان دانپێدانانی جەماوەرییان هەبوو بەڵام لە ناو داعش ئەوە نەبوو. کەوابوو من هێندێک وێکچوون و جیاوازیی دەبینم بەڵام پێم‌وایە جیاوازیی ڕاستەقینە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان‌دایە. ئەو دۆخەی ئێستا ئیسڕائیلییەکان بەرەوڕووی بوونەوە گەلێک ئاڵۆزترە. لایەنە ئاڵۆزەکان زیاترن، ڕێژەیەکی زۆر بارمتە گیراون، لایەنێکی زەبەلاحی مرۆیی هەیە و ژینگەی زانیاریی کە ئێستا گەلێک چالاکە و زۆر شتی دیکەش هەن کە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکەن. بۆیە پێم‌وایە دۆخێکی گەلێک جیاوازە.

 

ع: حەماس لەو شوێنە سەری هەڵداوە.

ژ. ڤ: بەڵێ، دەقاودەق وایە. داعش تا ڕادەیەکی زۆر خەڵکی بیانی بوون کە لە شوێنی دیکەڕا هاتبوون و تێکەڵی ئەو ڕەوتە بوون. هێندێک خەڵکی ناوچە لەگەڵ بوون بەڵام زۆرینەی بەڕیوەبەرییەکەی و شەڕکەرەکانی بیانی بوون. ئەوان گیانی خۆیان دانا و کاری دیکەیان کردن. زۆر سەیرە ئەوان چۆن هەوڵیان دەدا خۆیان بەسەر ئەو کۆمەڵگایانەدا بسەپێنن.

 

ع: هەڵبەت لە ڕوانگەی لایەنی دادوەریی دوای شەڕ ئێوە هاوبەشێکتان بە ناوی هێزەکانی سووریەی دێموکڕات هەبوو.

ژ. ڤ: ڕاست دەکەی. ئەوەش جیاوازییەکی بەرچاوە. مەبەستم ئەوەیە. شێوەی شەڕی وڵاتە یەکگرتووەکان لەگەڵ داعش، بەو شێوە بوو کە ئێمە ڕاوێژکار و یارمەتیدەری هەڵمەتەکە بووین. هێزەکانی ئاسایشی عێراقی لە عێڕاق و هێزەکانی سووریەی دێموکڕات لە سووریە، ئەو هێزانە بوون کە زۆربەی شەڕەکە و گیان‌بەخت‌کردنەکەیان کرد و ئێمە ڕێبەریی، توانایی تاقانە، زانیاریی هەواڵگریی و چەکوچۆڵ و هەموو شتی دیکەی پێویست بۆ ئەو کارەمان دابین دەکرد و من پێم‌وایە کارێکی باشیان کرد. ئەوە هەڵمەتێکی جیاواز بوو بۆ ئێمە. ئیسڕائیل لەوەدا بەتەنیایە. ئەوان شەڕی خۆیان دەکەن و لە مەیداندا هیچ هاوبەشێکیان نییە کە ئامانجەکانیان بۆ جێبەجێ بکەن، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان ناچارن بۆخۆیان ئەو کارە بکەن.

 

ع: گەلێک سوپاس بۆ بەشداریتان.