د. مەحموود عوسمان: بە وڵاتانی دژمان گەمارۆ دراوین، لەنێو خۆشماندا نایەکگرتووین و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئێعترافمان پێ ناکا
دیمانە: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: لەکاتێکدا شەڕی حەماس و ئیسڕائیل کاریگەریی زۆری لەسەر ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان لە وڵاتان و جیهان داناوە، زۆر پرس و پرسیار هەن کە ماهییەتی ئەو شەڕە چییە؟ کورد لەکوێی ئەو هاوکێشەیەدا وەستاوە؟ کاریگەریی ئەو شەڕە لەسەر پرسی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان چ دەبێ؟ چۆن دەکرێ لەنێو دڵی هەموو ئەو هەڕەشانەی لەسەر کوردن هەل و دەرفەت دروست ببن؟ "کوردستان" ئەو پرسیار و مژارانەی لەگەڵ د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەدار و خەباتکاری دێرینی کورد هێناوەتە بەر باس.
دوکتور لە ئێستادا شەڕی حەماس و ئیسڕائیل سێبەری خستووەتە سەر هەموو ڕووداوەکان. خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم شەڕە چییە؟ ئایا شەڕی ئایینە، شەڕی ئایدۆلۆژییە، شەڕی خاکە؟ شەڕی نیابەتییە؟ دەمانهەوێ لێکدانەوەی ئێوە ببیستین.
شەڕێکی کۆنە، لە وەتی دەوڵەتی ئیسڕائیل دامەزراوە و پێش ئەوەش ئەو کێشانە هەر هەبووە. مەعلوومە فەلەستینیش میللەتێکن و مافی خۆیانە دەوڵەتی خۆیان هەبێ و ئیسرائیلیش دەیهەوێ دەوڵەتی خۆی هەبێ و عالەمی دەرەوەش هەموو دەڵێن دەبێ دوو دوڵەت هەبێ، ئەویش لە تەنیشت یەکەوە. بەڵام یەکەم ئەرزیان کەمە و بەشی هەردووکیان ناکا. دووهەمینیش زۆر بڕیار دراوە کۆڕوکۆمەڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٩٤٨ بەولاوە، بەڵام ئەو بڕیارانە وەکوو پێویست جێبەجێ نەکراون. ئیسرائیل تەبعەن لەسەر خاکی خۆیەتی و ئەمریکای لەگەڵە و دەوڵەتانی دنیا ئێعترافیان پێ کردوە، فەلەستینیش بەشی هەرەزۆریان دەربەدەرن و دەوڵەتە عەرەبییەکانیش نەیانتوانیوە شتێکی وابکەن. بەڵام ئێستا موشکیلەکە زیاتر بووە چوونکە ئێران دەستی تێ خستووە. حەماس و جیهادی ئیسلامی و ئەوانەی ئێستا لە غەززە شەڕ دەکەن دەوڵەتی ئێران پشتیوانییان لێ دەکا و لە بواری نیزامی و لۆجستیکەوە پاڵپشتیانە. ئەمە لە ڕابردووشدا بووە بەڵام ئەمجارە شەڕەکە گەورەترە چوونکە حەماس و ئەوان فرسەتیان هێنا و بە ئیمکاناتێکی زۆر پەلاماری ئیسرائیلیان دا و هەروەها ئیسڕائیلیش تا ئێستا شتێکی وای نەدیوە بەو شێوە پەلامار بدری. ئیتر ئەوانیش دەیانهەوێ غەزە داگیر بکەن، ئەوەتا دەیبینین ئەمریکا بەتەواوی هێزی خۆیەوە لەگەڵ ئیسڕائیلە و ئێرانیش لەگەڵ حەماسە. دەوڵەتە عەرەبییەکانیش لەگەڵ ئەوەدا دژی ئیسڕائیل قسە دەکەن، بەڵام تەئییدی حەماس و ئەوانەش ناکەن. خۆ ئەگەر عەمەلی تەماشای بکەین شەڕەکە تەڕەفێکی ئێرانە و تەڕەفێکی ئەمریکایە و مومکینە زیاتریش پەرە بستێنێ و لە حەماس بەولاوەتر حیزبۆڵڵای لۆبنانی تێوەربدرێ. مخابن ئەوانەی کوژراون و بریندارن و بوونەتە قوربانیی بەشی هەرەزۆریان هیچ پێوەندییەکیان بە شەڕەکەوە نییە و ئێتر کێشەیەکی گەورەیە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتە گەورەکان لەسەر ئەو بڕیارە ساغ ببنەوە بە سەر هەردوولایدا فەڕز بکەن کە دوو دەوڵەت هەبێ و لە تەنیشت ئیسرائیلەوە دەوڵەتی فەلەستینیش دابمەزرێ و بتوانن بەئارامی لەگەڵ یەک بژین، هەرچەند ئەوە کارێکی ئاسان نییە و دیاریش نییە کە دەبێ یا نابێ.
کورد لە کوێی هاوکێشەکان دایە، شەڕەکە کە بەسەدان کیلومتر دوور لە سنوورەکانی ئێمە، بەڵام هەر وەک دەبینین شەقی خستووەتە نێوماڵی کورد و دابەشبوون و دووبەرەکێ و چەن بەرەکێی دروست کردوە، بۆ؟
بەدڵنیاییەوە ئەو شەڕە کاریگەریی زۆری لەسەر کورد هەیە، چوونکە کورد پێوەندیی لەگەڵ ئێران و ئەمریکاش هەیە. عێراق بەگشتی و کورد و بەتایبەتی ئێران و ئەمریکا دەوریان هەیە لە کوردستان و مادام ئەمریکا و ئێران وەکوو دوو دەوڵەت تەرفی شەڕەکەن، تەبعەن ئەوە کاریگەریی لەسەر دەوڵەتی عێراق و کوردستان هەیە. تەنانەت بە ئەگەری زۆر کاریگەرییەکان قووڵتر بن، چوونکە ئەمریکا دەیهەوێ لەگەڵ ئەو بی و ئێران دەیهەوێ لای ئەو بگری و لەو بەینە کێشە درووست بووە. بۆ نموونە هێندێک لە مێلێشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراقەوە لە بنکەکانی ئەمریکا دەدەن، ئەوە لە فڕۆکەخانی هەولێر و لە حەریر دەدرێ و حکوومەتی ناوەندیی عێڕاقیش نەیتوانیوە تا ئێستا بیانوەستێنێ. کەوابوو بەردەوامیی ئەو قەیرانە کاریگەریی لەسەر کورد بە تایبەتی کوردی عێراق دەبێ.
لە ئەگەری پەرەسەندنی ئەو شەڕەو تێوەگلانی وڵاتانی ناوچەکە مەترسییەکانی لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان چی دەبێت؟ یان ئەگەر پێتان وایە دەکرێ لە نێو دڵی ئەو هاوکێشەلەدا دەرفەتمان بۆ درووست بێ ئەو دەرفەتانە کامانەن؟
بڕوا ناکەم دەرفەتێکی ئەتۆ بۆ کورد درووست بێ جگە لە زەرر نەبێ. لەلایەک ئێران و لەلایەک ئەمریکایە، ئەگەر بێی و ئەم ڕازی کەی و ئەو ڕازی کەی تووشی کێشەی زۆر دەبی. مەسەلەکە ئەوەیە چەندە ئێران بەهێز بێ، زەرەری بۆ کوردە لەم دیو سنوورو و لەو دیوو. لە تورکیەش هەروایە. تورکیە کە ئێستا لەگەڵ ئیسڕائیل پێوەندی خراپ بووە تەبعەن ئەویش کاریگەری زیاتری دەبێ و لە سووریەش ئێمە دەبینین ڕۆژئاوا بەردەوام لەلایەن تورکیەوە پەلامار دەدرێ. لەلایەک مێلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران لە هێزەکانی ئەمریکا دەدەن و ئەمریکاش بۆ تۆڵەکردنەوە لە سووریە دەدا، یانێ کورد لەو بەینەدا کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشەوە و بۆیە بڕوا ناکەم کورد سوودێک لەو شەڕە وەرگرێت. شەڕەکە نەبێ بۆ کورد چاکترە، چوونکە لە کۆتاییدا هەردوولا هەر دەمێنن، واتا هەر یەک لە جێگەی خۆی و وانییە بڵێی لایەک سەتا سەت سەر دەکەوێ و ئێتر تۆ کەلکی لێ وەردەگری. لەڕاستیشدا ئەم دوو لایەنە هیچیان دۆستی کورد نیین، نە ئێران و نە ئەمریکا؛ چوونکە ئەمریکاش هیچ شتێکی بۆ کورد پێ نییە و نەیکردوە کە بڵێ ئیتر ئەمریکا سەرکەوت کوردیش شتێکی بۆ درووست دەبێ. لە بەر ئەوە زەرەری ئەبێ بۆ کورد و چەندە زووتر بە ئاشتی کۆتایی پێ بێت باشترە بۆ هەموو لایەک و بۆ کوردیش.
بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی پاڵپشتی کورد ناکەن هۆکارەکەی چییە؟
سیاسەتی ئەوان لەسەر بنەمای وڵات بوونە. ئەوان دەڵێن عێراق یەک وڵاتە، تورکیە و ئێران و سووریەش هەرکام وڵاتێکن و ناکرێ دابەش بن و کورد بەشێکە لەو وڵاتانە و دەبێ مافی خۆیان لەو وڵاتانەدا دەستەبەر بکەن. ئیدی تەئییدی ئەوە ناکەن لەدژی ئەو وڵاتانە بی و بتەوێ سنوورەکان بگۆڕی. دەبینی مەسەلەن لە تورکیە ئەوەی دژی حکوومەتی تورکیە بێت پێی دەڵێن تێرۆریست، لە ئێران پێی دەڵێن تەجزیەتەلەب، بەڵام لە ئاکامدا چییان بۆ کوردی ئێران نەکردوە. لە عێراقیش زیاتر لەگەڵ بەغدان، نەک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی؛ چونکە تۆ بەشێکی لەو وڵاتە و پێت دەڵێ تۆ بڕۆ کێشەی خۆت لە گەڵ بەغدا چارەسەر بکە. ئەو وڵاتانە سیاسەتەکەیان ئەوەیە و ئەوەش بە واتای ئەوە نییە دژی کوردن. تەبعەن پێت دەڵێ تۆ بەشێکی لە عێراق و من لەگەڵ عێراق مامەڵە دەکەم و تۆش بەشێکی لەو وڵاتە و کێشەی خۆت بڕۆ لە بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بکە. واتا ئیهتمامی گەورەیان بە حکوومەتی مەرکەزییە. لە تەنیشت ئەوە مەرحەبا لە کوردیش دەکەن، بەڵام بە شێوەیەکی کەمتر و شتێکی تایبەتییان پێ نییە. بۆ نموونە ڕێفڕاندۆمەکەی ساڵی ٢٠١٧. ئەو ڕێفراندۆمە تەنیا بۆ ئەوە بوو دەنگی کوردەکە وەرگری، بەڵام لە ئاکامدا هەموو عالەم بوو بە دژمان، لە کاتێکدا هیچیشمان نەکردوە. بە واتایەیە بڕوات پێ ناکەن کە تۆ میللەتێکی و مافی ڕێفراندۆم و مافی دیاریکردنی چارەنووست هەیە. لە بەر ئەوە سیاسەتەکەیان ئەوەیە کە دەیبینی. زیاتر سیاسەتەکەیان لەگەڵ دەوڵەتەکانە لە تورکیە، لەگەڵ ئێران، لەگەڵ عێراق و سووریە و پێت دەڵێن تۆ بەشێکی لەو وڵاتانە. بەداخەوە جوغرافیای ئێمەش ئێمەی حەبس کردوە لە بەینی ئەو دەوڵەتانەدا، بەحرێکمان نییە تا بتوانێ سەرنجی دەوڵەتان بەلای خۆیدا ڕابکێشت و بۆ ئێمە ڕێگای دەربازبوونێک بێت.
بۆ خۆشتان دەزانن بزووتنەوەی سیاسی ڕۆژهەڵات بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێ لە دوو ساڵی ڕابردوودا کە بینیمان لە لایەک هەم شۆڕشی ژینا و لە لایەک هەم ڕێکەوتنی ئەمنییەتی نێوان ئێران و عێراق بزووتنەوەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی خستۆتە بەردەم زۆر ئەگەر و سیناریۆی ناڕوون. ئێوە ئەمە پتر بە هەل و دەرفەت دەبینن یان هەڕەشەو مەترسی؟
زیاتر هەڕەشە و مەترسییە، هەل و دەرفەتیش مومکینە تێیدا بێت. ئەو هەل و دەرفەتە پێوەندیی بە هەڵویستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر بە ئێرانەوە هەیە کە ئایا دەیانهەوێ حکوومەتی ئێران یان سیاسەتەکانی بگۆڕن؟ ئەوان بە قسە هەموو دژی ئێرانن، بەڵام شتێکی وا نابینی کە سیاسەتی ئەوەیان هەبێ و لە کردەوەدا شتێکی وانابینی کە ڕێژیمەکە نەهێڵـن یا بیگۆڕن. دیار وەها بەرنامەیەکیان نییە. ئێمە بینیمان ئەو هەموو خۆپیشاندانە کرا و شۆڕشی ژینا ڕووی دا، بەڵام ئەمریکا چیی کرد؟ هیچی نەکرد. باسیان دەکرد وەکوو مەحکوومکردنی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی بەڵام سیاسەتیان ئەوە نییە کە ڕێژیمەکە بگۆڕن چوونکە هەر ئۆمێدیان وایە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە گەڵ ئەو ڕێژیمە مەرحەبایەک بکەن لە بەر ئەوە من دەرفەتی زۆر تێدا نابینم، لەو وەزعەدا ئێمە وەک کورد زەرەرمان زۆر کردوە بەڵام تەبیعی نازانی سیاسەتی دنیا چۆنە. ئەگەر زۆرە گۆڕانکارییەکی وا درووست بێ لە دنیا داکە ئەو سیاسەتانە بگۆڕن. ئەگەر ئەو هەلە هاتە گۆڕێ کوردیش لەوانەیە لەو هەلە سوود ببینێ، بەڵام هەتا ئێستا شتێک دیار نییە.
دوکتور یانی پێتان وایە کە لە حاڵی حازردا هیچ ئۆمێدێک نییە؟
ئەگەر مەبەست بۆ کوردی ئێرانە من حالییەن ئۆمێدێکی وا نابینم، چوونکە ئەوە ئێران هەیە و هیچ دەوڵەتێک حازر نییە ڕێژیمەکە بگۆڕدرێ، مومکینە لەگەڵی نەبن و تەنانەت دژی بن و گەمارۆی ئابووریشی بخەنە سەر؛ بەڵام ئیهتیمامێکی گەورەش نابینم بۆ کوردی ڕۆژهەڵات. یانێ ئێستا ئەمریکا کە ئەوندە دژی ئێرانە و شەو و ڕۆژ بەحسی دەکا و سزای لە سەر دادەنێ، بەڵام زۆر بە زەحمەت ویزا دەدەن بە کوردێک کە بچێ بۆ ئەمریکا و هەمیشە پێیان دەڵێن کە ئێمە تەئییدی ئەوە ناکەین ئێوە بە چەکداری بتانەوی ڕێژیمەکە بگۆڕن. بەکورتی کێشەکان زۆرن و هۆکارەکەش ئەوەیە ئەوان ئێمە لە بناغەوە وەک نەتەوەیەک سەیری ئێمە ناکەن، وەک نەتەوەیەک کە مافی چارەنووس و مافی کیانێکی هەیە و دەبێ قەوارەی خۆی هەبێ. جا ڕەنگە لە داهاتوودا گۆڕانکارییەک بکرێ، بەڵام لە ئێستادا وای نابینم.
بەپێی دۆخی سیاسی هەرکام لە بەشەکانی کوردستان کورد لە هەر کام لە پارچەکانی کوردستان بە تایبەتمەندییە جیاوازییەکانی خۆیەوە یان تەنانەت لە چوارچێوەی ڕێکەوتن و پلاتفۆرمێکی هاوبەشدا ستراتیژیکییەکەی دەبێ چی بێت؟
دەبێ یەکگرتوو بن و پێکەوە هاوکار بن لەسەر ئاستی نەتەوەیی و لەسەر ئاستی هەر پارچەیەکیش حیزبەکان چەندی دەتوانن هاوکاری یەک بن. پێویستە بەرەیەکیان هەبێ و دژی یەکتر سیاسەت دەکەن. ئەوە کاریگەریی زۆرە چوونکە ئێمە میللەتێکی گەورەین. ئەگەر هەموو حیزبەکان هاوکاری یەک بن بێگومان قورساییەکی گەورەیان دەبێ لە دنیای دەرەوە، لەسەر ئاستی نەتەوە و ئاستی هەرکام لە پارچەکانیش ئەوەی لەجێی خۆی. بۆ نموونە لێرە لە کوردستانی باشوور ئەگەر پارتی و یەکیەتیی پێکەوە ڕێک بن و کێشە و گرژییان نەبێ، دەتوانن لۆبیی زیاتر بکەن و عینی شت لە ڕۆژهەڵات و لە نێوان حیزبەکانی ئەوێدا. بەڵام بەداخەوە من ئەو یەکگرتنە نابینم و لە بەر ئەوەشە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئێعتراف بە بوونی ئێمە ناکا. ڕاستە ئێمە نەتەوەیەکین و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆمان هەیە، بەڵام بۆخۆمان یەکگرتوو نین و جۆغرافیاکەشمان لەبار نییە و گەمارۆ دراوین لە نێوان ئەو دەوڵەتانەی کە هیچیان دۆستمان نین.
ئاماژەتان کرد کە یەکێک لە هۆکارەکان نەبوونی جۆگرافیایەکی لەبار بووە. بەڵام خۆ نموونەی وڵاتانی دیکەی وەک کوردستانیش هەن کە ڕێگایان بە دەریا نییە و دەوڵەت و وڵاتی سەربەخۆن.
بە بڕوای من ئەوە هۆکاری سەرەکییە و پاش ئەوە دەتوانین دەتوانین ئاماژە بە نایەکگرتوویی کورد بکەین، دواتریش وەک گوتم کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئێعترافمان پێ ناکەن و لە هەموو گرینگتر ئەو دەوڵەتانەی دەوروبەرمان هەموویان دژی ئێمەن و هەمووشیان پێوەندی و بەرژوەندییان لەگەڵ دەوڵەتە گەورەکان هەیە و کۆمەڵگەی جیهانییش ئێمەیان کردۆتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.
دوکتور زۆر سپاس بۆ بەشداریتان لەو دیمانەیە. ئەگەر شتێکی نەگوتراو مابێ لە چوارچێوەی باسەکەماندا.
ئەمن هەمیشە ئەوەم گوتوە کە من لەگەڵ کوردی ڕۆژهەڵات بووم و هەموو دەزانن هەڵویستی من بەنیسبەت خەبات و تێکۆشانی کوردی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی تریش چۆنە. هیوادارم حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەوڵ بدەن یەکگرتوو بن و ئەو گوشارانەی کۆماری ئیسلامییش دەیخاتە سەر هەرێمی کوردستان پێویستە بە یەکگرتوویی بەرەنگاریان ببنەوە و ڕەچاوی دۆخی هەرێمی کوردستانیش بکەن هەر وەک هەتا ئێستا ڕەچاویان کردوە، چونکی هەموومان دەزانین کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وەک پەکەکە نین کە ڕەچاوی هیچ دۆخێک ناکەن. هیوادارم حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە عەینی کاتدا کە لە خەباتی خۆیان بەردەوامن، لەگەڵ گەلانی تری ئێرانیش هاوکار بن و چاوەڕوانی فرسەت بن و لە لۆبیکردن بەردەوام بن و ئەگەریش دەرفەتی وتووێژ و ئاشتی دروست بوو، لە کیس خۆیانی نەدەن. بەڵام بەڕاستی دەبێ زۆریش وریا بن، ئێمە لەو بارەیەوە تەجربەمان زۆرە. ئێمە زۆر شەڕمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کرد و زۆر ئیعتیمادمان لەسەر ئێران هەڵچنی، بەڵام دیتمان کە چی لە ئێمە کرد و چۆن دژی ئێمە ڕاوەستا. بۆیە دەبێ دەرس لەو مێژووە وەرگرن. کوردی ڕۆژهەڵات مافی خۆیانە دیفاع لە خۆیان بکەن، چوونکە ئێران هێرش دەکاتە سەریان و ئەوانیش دیفاع لە خۆیان دەکەن. ئەوە بە مانای شەڕخوازی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ بزانن کە ناتوانن متمانە بە دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتانی دیکەش بکەن چوونکە ئەو دەوڵەتانەش لەگەڵ کورد نین.
مێژووی کۆنی کورد و شۆڕشەکانی کە دەخوێنینەوە، دەبینین شۆڕشەکە پێش کەتووە و سەرکەوتوو بووە، بەڵام لەپڕ دەوڵەتەکان لەگەڵ یەک هاوکارییان کردوە و شۆڕشەکەیان کۆتایی پێ هێناوە. تەجروبەی مەهابادمان هەیە، تەجروبەی ئاراراتمان هەیە، تەجروبەی ١٩٧٥ی باشوورمان هەیە، تەجروبەی ١٩٨٨، ئەنفال و کیمیابارانمان هەیە. بەڕای من هەوڵ بدەین چەندی دەکرێ یەکگرتوو بین، یەکگرتنەوەی هەردوو لایەی دێموکرات زۆر باش و هەنگاوێکی گەورە بوو. بەڵام ئەو یەکیەتی و یەکگرتووییە دەبێ لە هەموو ئاستی ئێراندا بەدژی ڕێژیم دروست بێ و لە دەرەوەش لە چالاکی و لۆبیکردن نەوەستن. کوردی ڕۆژهەڵات هاوکات پێویستە لەگەڵ کوردی ئێران و تورکیە هاوکار و هاوخەبات بن و چاوەڕوانی دەرفەت بن، چونکی لە دنیادا گۆڕانکاری قووڵ ڕوو دەدا. ئێمە بینیمان چۆن یەکیەتیی سۆڤییەت هەڵوەشا و وەزعەکە گۆڕا و مومکینە لە داهاتووشدا زۆر گۆڕانکاری لە بەرژەوەندیی ئێمەدا ڕوو بدا.