ڕۆژی چوارشەممە، یەکی سەرماوەز، کۆمەڵێک لە پەرستاران لە شاری سنە لە بەردەم بینای پارێزگاریی ئەم شارە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەر، خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی كرماشان، ئیلام، ئەردەبێڵ، ئەهواز، تاران، یەزد و چەندین شاری دیکە، بە ڕێکخستنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، داوای مافەکانی خۆیان کرد.
خانەنشینکراوانی ناڕازی بە بەرزکردنەوەی پلاکارد و وتنەوەی دروشم لە بەردەم بینای ئیدارەی خانەنشینکراوان و وەزارەتی کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی ئەو شارانە کۆ بوونەتەوە و ناڕەزایەتیان نیشان داوە و داوای وەک یەککردنی حەقدەستەکانیان و باشترکردنی دۆخی ژیانیان کردووە.
لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، ٢٨ و ٢٩ی خەزەڵوەریشدا، لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران وەکوو شارەکانی " کرماشان، مەریوان، بیجاڕ، ورمێ، ئێسفەهان، زاهێدان، تەورێز، زەنجان، ڕەشت، شیراز، ساری، بەندەرعەباس، خوڕماوا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو بوو.
لە لایەکی ترەوە بەشێک لە پەرستارانی نەخۆشخانەی تەوحیدی سنەش لە ڕۆژانی ڕابردوو دا لە حەوشەی ئەو نەخۆشخانەیە کۆبوونەوە و لە دەرحەق پێڕانەگەیشتن بە داواکارییەکانیان ناڕەزایەتییان نیشان دا.