کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانەکانی ڕێژیم بۆ بەڕێوەبردنی حەفتەی بەسیج لە کوردستان

14:37 - 1 سەرماوەز 2723

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر، کۆبوونەوەیک لە فەرمانداریی پیرانشار و بەبۆنەی حەفتەی بەسیجەوە بەڕێوە چووە.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە بە بەشداریی جێگری سیاسیی فەرمانداری و ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەریی ڕێوڕەسمەکانی حەفتەی بەسیج بەڕێوە چووە، ٢٨ خاڵ وەکوو ڕاسپاردە بە ناوەندە پێوەندیدارەکان دراوە تاکوو لەو حەفتەیەدا جێبەجێ بکرێن.

هەندێک لەو خاڵانەی کە لەم بڕیارنامەیەدا ئاماژەیان پێ کراوە بریتین لە: دابەشکردنی خۆراک و کەلوپەلی پێویست بۆ قوتابییان و دابینکردنی کەرەستەی ناوماڵ بۆ ٣٨ کەس لەلایەن سپای پاسدارانەوە، تێگەیاندنی دێهیارەکان بۆ هاوکاری لەگەڵ بنکەکانی بەسیج لەلایەن بەخشدارییەوە، چالاکیی تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئێرشادەوە، ئەرکدارکردنی ئیدارەی پەروەردە بە ئامادەکردنی بەرنامەی تایبەت بۆ سامانەی شاد و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە بۆ قوتابییان.

ڕێژیم جیا لەوەی کە هەوڵ بۆ بەزۆرەملێ بەرزڕاگرتنی بۆنەکانی خۆی لەلایەن خەڵکەوە دەدات، لە هەوڵدایە تاکوو بەم جۆرە کارانە ڕوخساری ناشیرینی سپای پاسداران لای خەڵک بسڕێتەوە.

ئەم هەوڵەی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، سپای پاسداران ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی و بەتایبەتیش قوتابییاندا هەبوو.

لە یەک ساڵی ڕابردوودا، سپای پاسداران، سەرەکیترین ناوەندی سەرکوتکەری خەڵک لە خۆپیشاندانەکاندا بوو و بەتوندترین شێوە بەرەڕووی خەڵکی ڕاپەڕیو بووەوە.