کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازی لە ئاگربەستی چوار ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماس

10:54 - 2 سەرماوەز 2723

وڵاتانی ئەمریکا، یەکیەتیی ئورووپا، ئاڵمان، فەرانسە، بریتانیا و ڕووسیە پێشوازییان لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل کرد.

بەپێی بڕیاری کابینەی بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاگربەستەکە بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ دیلەکانی فەلەستینی و وەستانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کەرتی غەززە بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە  و دوای ئەم وادەیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەم ناوچەیەدا بەردەوام دەبێ.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و گرووپی حەماس لەسەر ئاگربەستی چوار ڕۆژە و ئازادکردنی ٥٠ بارمتەی ئیسرائیلی و ١٥٠ بەندکراوی فەلەستینی کاردانەوەی جیهانیی لێکەوتەوە.

لەم پێوەندییەدا جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا پێشوازیی لەو ڕێککەوتنە کرد و ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس ڕێگە بە گەڕانەوەی زیاتری بارمتە ئەمریکاییەکان دەدات.

لە لایەکی ترەوە شوڵتز، ڕاوێژکاری وڵاتی ئالمان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: ئەمە هەواڵێکی خۆشە و حکوومەتی ئیسرائیل کارێکی درووستی کردووە. سپاسی هەموو ئەو حکوومەتانە دەکەین کە بەشدارن لەم بابەتەدا و بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنیان لە ڕووی دیپلۆماسییەوە بۆ ئەوەی ئەم ڕێککەوتنە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت.

یەکیەتیی ئورووپا، فەرانسە، بریتانیا و ڕووسیەش پێشوازییان لە ڕێککەوتنی وەستاندنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل کرد.

لە لایەکی ترەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی ئیسرائیل تەنیا چەند کاتژمێرێک بەر لە ئاگربەستە کاتییەکە ڕایگەیاند کە هیچکام لەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون، پێش ڕۆژی هەینی ئازاد ناکرێن.

پێشبینی دەکرا لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی سەرماوەز پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکانی گرووپی حەماس و هەروەها زیندانییانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل دەست پێ بکات بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان تا ڕۆژی هەینی دوا دەکەوێت.

تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی پرۆسەی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون نەدراوە.