کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکات لەگەڵ شەڕی ئیسرائیل و حەماس چالاکیی هاکێرەکانی سەر بە ڕێژیم چڕتر بووەتەوە

11:07 - 2 سەرماوەز 2723

لەحاڵێکدا کە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە، هاکێرەکانی سەر بە ڕێژیم چالاکییەکانیان بە دژی ئیسرائیل چڕتر کردووەتەوە.

کۆمپانیای مایکرۆسافت لە ڕاپۆڕتێکدا باسی لەوە کردووە کە  لانیکەم تا ١١ ڕۆژ دوای دەسپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیل هاکێرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چالاکییەکی ئەوتۆیان نەبوو، بەڵام دواتر، لێکۆڵەران چەندین چالاکیی سیخوڕی و چالاکیی دیکەیان لەلایەن هاکێرەکانی سەر بە ڕێژیمەوە بینیوە.

هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە گرووپە هاکێرییەکانی نزیک لە سپای پاسداران لە چەند ڕۆژ بەر لە دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە، هەوڵی هاککردنی چەندین ڕێکخراوی لۆجێستیکی و تێکنۆلۆژییان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوە.

بە وتەی بەرپرسانی ئەمنییەتی سایبێریی ئیسرائیل لانیکەم ١٠ گرووپی هاکێریی سەر بە ڕێژیم لەم هێرشانەدا بەشدارییان کردووە کە زیاتر لە ١٥٠ ڕێکخراوەی ئانلاین و خزمەتگوزارییان کردوەتە ئامانج.

لە ساڵانی ڕابڕدوودا چالاکیی هاکێرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چڕتر بووەتەوە و چەندین هێرشی قورس و زیانبەخشیان گەیاندووەتە وڵاتانی دیکە بەتایبەت ئیسرائیل کە هێرشی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر وڵاتی ئاڵبانیش لەم چەشنە بوو.