هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە ڕافائێل گرووسی، بەرپرسی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزە باسی لە هەڵبژاردنی دووبارەی چاوەدێرانی خۆی بۆ چاوەدێری بە سەر بەرنامەی ناوکیی ئێراندا کردووە، بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەپێی یاسا ئەتوانێ ئیزنی چاوەدێری بەم کەسانە نەدات.
گرووسی ئەم کارەی ڕێژیمی بە نالۆژیکی ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەمە ئەتوانێ کاریگەریی جیددیی لەسەر تواناییەکانی ئاژانس بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی هەبێت.
ئاژانسی وزەی ناوکی، حەفتەی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا، ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران هاوکات لەگەڵ پێشگرتن لە بەڕێوەبردنی ئەرکی چاوەدێرانی ئەم ڕێکخراوەیە، ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی زیاتر کردووەتەوە.
ئاژانسی وزەی ناوکی، پیتاندنی ئۆرانیۆمی ٦٠ لەسەدیی ڕێژیمی لە ٢٨ی ئۆکتۆبری ئەمساڵدا، ١٢٨.٣ کیلۆ ڕاگەیاند کە ئەمە نیشانەدری بەرزبوونەوەی ٦.٧ کیلۆیی بەنیسبەت مانگی پێشووترە.
ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لەلایەن ڕێژیمەوە، زیاتر لە سێ قاتی ئەو ڕێژەیە کە پێشتر ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و توانایی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم بە ئێران دەدات.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی وزەی ناوکی، لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا، ٨ کەس لە چاوەدێرانی ئاژانس لەلایەن ڕێژیمەوە دەر کراون و ڕێژیم ئیزنی دانانی کامێرای چاوەدێریی پێ نەداون، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی تواناییەکانی ئاژانس بۆ چاوەدێریکردن بەسەر ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لەلایەن ڕێژیمەوە.