کۆشکی سپی بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک زانیاریی نهێنی ڕایگەیاند کە گرووپی ڤاگنەر ویستوویەتی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی بۆ حیزبوڵڵا یان ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دابین بکات.
جان کێربی وتەبێژی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیی ئامریکا وتی: ڤاگنەر بە فەرمانی مۆسکۆ، هەوڵی ئەنجامی ئەم کارەی داوە و ئامریکا هەوڵەکانی گرووپی ڤاگنەر بۆ گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ حیزبوڵڵا و ئێرانی خستوەتە ژێر چاوەدێرییەوە.
پێشتریش کاناڵی "سی ئێن ئێن" لە ١١ی خەزەڵوەڕی ئەمساڵدا ڕایگەیاندبوو کە داوا لە گرووپی ڤاگنەر کراوە تا سیستەمی دژەمووشەکی زەوی بۆ ئاسمانی "ئێس ئەی-٢٢ " کە لە سووریە دانراوە، بە حیزبوڵڵای لوبنان بدات.
ئەم کاناڵە لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاندبوو کە بەشار ئەسەد سەرۆککۆماری سووریە بە گواستنەوەی ئەم سیستەمە دژەمووشەکییە ڕازی بووە.
لە ساڵانی ڕابڕدوودا گرووپی ڤاگنەر و حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ڕووسیە و ڕێژیمی ئیسلامییەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، لە شەڕی سووریە بۆ پاراستنی بەشار ئەسەد هاوکاریی نزیکیان پێکەوە هەبووە.
لە پاش هێرشی ڕووسیە بۆ سەر خاکی ئوکراین لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا ئاڵوگۆڕی چەکوچۆڵ لە نێوان ئێران و ڕووسیە زیادی کردووە.