کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژراوانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، ١٠ هەزار ٥٠٠ کەسی تێپەڕاند

10:38 - 13 خەزەڵوەر 2723

دوای تێپەڕینی ٢٨ ڕۆژ لە دەستپێکردنی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، زیاتر لە ١٠ هەزار و ٥٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ٣٨ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەر، تەندروستیی کەرتی غەززە بڵاوی کردەوە، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو ناوچەیەی فەلەستین، ٩ هەزار و ٢٢٧ کەس کوژراون و ٣٢ هەزار ٥١٦ کەس بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئیسرائیلیش، بەهۆی هێرش و مووشەکەکانی چەکدارانی حەماس، هەزار و ٤٠٥ ئیسرائیلی کوژراون کە ٤٢٢ کەسیان پۆلیس و سەرباز بوون و لانیکەم ٥ هەزار و ٤٣١ کەسی دیکەش بریندار بوون. 

شەڕی حەماس و ئیسرائیل دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە گرووپی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵایین"ی ڕاگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونە نێو شەڕەکەوە.