کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگربەستی چوار ڕۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل ڕاگەیەندرا

11:55 - 2 سەرماوەز 2723

ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دوای ٤٦ ڕۆژ شەڕی بەردەوام، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ ڕاگەیەندرا.

بە پێی ڕێککەوتنەکە حەماس لەو چوار ڕۆژەدا ٥٠ ژن و منداڵ ئازاد دەکات و لە بەرانبەریشدا ئیسرائیل دەبێت ١٥٠ بارمتەی فەلەستینی ئازاد بکات.

پێشتر ڕۆژنامەی ''واشنگتۆن پۆست'' بڵاوی کردبووەوە، ئەو ڕێککەوتنە بە هاوکاریی ئەمریکا دەکرێت و بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئیسرائیل هێرشەکانی ڕادەگرێت.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەتا دۆینێ هێرش و بوردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوام بوو.

شەڕی غەززە لە ١٧ ی ڕەزبەری ١٤٠٢دا بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد، دواتر ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەست پێکرد، بەپێی دوایین ئامارەکان، ژمارەی کوژراوانی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە ١٣ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە ٣٠هەزار کەسی دیکەش بریندار کراون. هەر بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی کوژران و زیاتر لە ٢٤٠ کەسیش لای حه‌ماس بە بارمتە گیراون.