لە دەرمانخانەکانی ئیراندا بە شێوەیەکی بەرچار ڕێژەی دەرمانی تایبەت و شیری وشک کەم بووەتەوە و تەنانەت لە هندێک شوێن دەست ناکەوێ.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە لە میدیا و ڕۆژنامەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا بڵاو کراونەتەوە، باس لە کەمبوونەوەی دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەکانی دڵ و نەبوونی شیری وشک بۆ کۆرپەی ساوا لە بازاڕ و دەرمانخانەی شارەکانی ئێراندا دەکرێت.
بەهرام عەینوڵڵاهی وەزیری تەندرووستیی ڕێژیم لە پێوەندی لەگەڵ کەمیی دەرمان و شیری وشک لە ئێراندا، بە ڕەتکردنەوەی ڕاپۆرتەکان لەمبارەوە، ڕاستییەکانی چەواشە کردوون و وتوویەتی دۆخی دەرمان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو زۆر باشترە.
ناوبراو هۆکاری نەبوونی شیری وشکی لە ئێراندا بۆ دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی و هەناردەکردنی نائاسایی بۆ وڵاتانی درواسێ ڕاگەیاندووە.
پسپۆڕێکی بواری پزیشکی ڕایگەیاندووە، حەبی سوڵفاسالازین، دەرزی میتۆترێکسات، حەبی میتیمازۆڵ، دەرزی ڤینبلاستین و حەبی وارفارین لە دەرمانخانەکانی ئێراندا بەردەست نین. لە ئێستادا زیاتر لە ٣٠٠ جۆری دەرمان لە ئێراندا کەمە و ئەم کەمییە لە دەرمانێکەوە بۆ دەرمانێکی تر دەگۆڕدرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٠٠ دەرمانساز لە دەرمانخانەکانی مەشهەد، لە بەردەم بینای پارێزگاریی ئەو شارە کۆ بوونەوە و خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی دەرمان لە ئێران بوون.