کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەزەڵوەر تا خەزەڵوەر هەر برینە!

17:46 - 2 سەرماوەز 2723

ئاسۆ مینبەری

خەزەڵوەر بۆ خەڵکانی ئێران مانگێکی خوێناوییە. لە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٨دا بوو کە گرانبوونی کتوپڕی نرخی بێنزین، خەڵکی وەزاڵەهاتووی هێنایە سەر شەقامەکان و ڕاپەڕێنێکی سەرتاسەری دژی ڕێژیم دەستی پێ کرد. لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەردا کە بەداخەوە وەک هەمیشە کوردستان پشکی سەرەکیی لە سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم پێ بڕا، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون، ژمارەیەکی زۆر لە دەسبەسەرکرانیش لە چاڵەڕەشەکانی ڕێژیمدا کەوتنە بەر لێدان و ئەشکەنجە و سزای قورسیان بەسەردا سەپا.

لە خەزەڵوەری ٩٨دا و پاش دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکۆماری ئەوکاتی ڕێژیم بە ڕوهەڵماڵراوییەوە هاتە دەنگ و گوتی منیش وەکوو ئێوە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی لە خەو هەستام و زانیم نرخی بێنزین گران بووە! ئەمە لەحاڵیکدا بوو کە دڕندەیی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی دەوڵەتەکەی ڕەئیسی، لە گرینگترین ڕۆژنامە و میدیاکانی جیهانیدا باسی لێ دەکرا و هەموو دنیا بینەری دڕندەییەکانی ئەم ڕێژیمە بەرانبەر بە خەڵکی خۆپیشاندەر بوون.

لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨دا، بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ١٥٠٠ کەس بەدەستی هێزەکانی ڕێژیم کوژران. هەواڵدەریی ڕویتێرز، لە ٢ی بەفرانباری هەمان ساڵدا بە پشتبەستن بە ئامارە دزەپێکراوەکان، کوژرانی ٤٠٠ ژن و ١٧ مێرمنداڵی لەم خۆپیشاندانانەدا پشتڕاست کردەوە. وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتیی مەجلیسی ڕێژیمیش، لە ڕۆژی ٤ی سەرماوەزی هەمان ساڵدا ڕایگەیاند کە ٧ هەزار کەس لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا دەسبەسەر کراون. هەروەها لە ڕۆژی ١٢ی خەرمانانی ٩٩دا، لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسی لە ئەشکەنجە، لێدانی قامچی، شۆکی ئێلێکتریکی، لەسێدارەدانی ساختە، توندوتیژیی سێکسی و بێبەریکردن لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی لە زیندانەکانی ئێراندا کرد.

خاڵی سەرنجڕاکێش لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨دا ئەمە بوو کە ڕاپەڕینەکە سەرتاسەری بوو، خۆپییشاندانەکە ئەگەرچی پاش گرانبوونی نرخی بێنزین هاتە ئاراوە بەڵام ئاراستەکەی ڕێبەریی ڕێژیم و تەواوییەتی دەسەڵاتەکەی کردە ئامانج، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، سەرکوتکارییەکان لە کوردستان و بەتایبەتیش لە شاری مەریوان زیاتر بوو، چونکە لە بنەڕەتدا خواستی کورد جیاوازە.

پاش شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و دەسپێکی ڕاپەڕینی سەرتاسەریی گەلانی ئێران لەژێر ناوی شۆڕشی ژینا و بە دروشمی سەرەکیی ژن، ژیان، ئازادی، جارێکی دیکە مانگی خەزەڵوەر بوو بە یەکێک لەو مانگانەی ساڵ کە زیاترین ڕێژەی سەرکوتکارییەکانی تێدا بەڕێوەچوو. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی کوردپا، تەنیا لە مانگی خەزەڵوەردا، ٦٦ کەس لە شارەکانی کوردستاندا بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شەهید کران.

پشکی ژنان لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ١٤٠١دا بەرچاو بوو، بەپێی هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە ناوەندە مافی مرۆییەکان، ژنان بەشێکی بەرچاو لە خۆپیشاندەران بوون کە دژی تەواوییەتی ڕێژیم ڕاوەستان و لەم پێناوەشدا قوربانییان دا.

بەشداریی ژنان لە شۆڕشی ژینادا، بابەتێکی گرینگە کە پێویستە هەم زۆر و بەبایەخ و هەم لە لایەنگەلی جیاوازەوە باسی لێ بکرێ، بۆیە ئەوەی کە لێرەدا ئاماژەی پێ دەکرێ، تەنیا ئاماژەیەکی کورتە.

لە خۆپیشاندەکانی خەزەڵوەری ٩٨دا هەروەک ئاماژەی پێ کرا، ٤٠٠ ژن بە دەستی هیزەکانی ڕێژیم کوژران و، لە یەک ساڵەی شۆشی ژیناشدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان لە سەرتاسەری ئێراندا کوژران و بریندار کران. زۆربەی ئەو ژنانەی بە فیشەکی ساچمەیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بریندار کرابوون، ئێستاش بەنهێنی دەژین و لە ترسی دەسبەسەرکران و سەپاندنی سزای قورس، ناوێرن ناو و شوناسی خۆیان ئاشکرا بکەن. بەڵام خاڵی جێگای سەرنج خۆڕاگری و پێداگریی ئەو ژنانەیە کە لە ڕەوتی شۆڕشەکەدا ئازیزانی خۆیان لەدەست دا.

کوردستان هەمیشە گۆڕەپانی ململانێ لەگەڵ داگیرکەر بووە، هەر بۆیە خۆڕاگری وەکوو میراتێک نەسڵ لە دوای نەسڵ لە کوردستانییاندا دەبینرێت. لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە ساڵوەگەڕی شەهیدانی خەزەڵوەردا، سەرەڕای گوشارەکانی ڕێژیم و دەسبەسەرکردنی بنەماڵەی ئەم شەهیدانە و وەکوو دوایین نموونەشی خوشکی شەهید شەهریار محەممەدی لە بۆکان، ژنانی نیشتمانپەروەری ئەم خاکە، بە یادکردنەوەی ڕۆڵەکانیان جارێکی دیکە، نیشانیان دا کە هیچ هێزێک ناتوانێ بە چۆکیان دابێنێ. لە بیرمانە ساڵی ڕابردوو دایکی شەهید میلاد مەعرووفی لە کاتی ناشتنی تەرمی کوڕەکەیدا گوتی کوڕی من شەهیدە و پێشکەشی ئەکەم بە نیشتمان، کچی نیشتمان نەبم ئەگەر تۆڵەی نەستێنم. هەر ئەو دایکە ئەمساڵ پاش ڕێگریکردنی هێزەکانی ڕێژیم لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕ لەسەر مەزاری کوڕە شەهیدەکەی، لەگەڵ دایکی شەهیدانی دیکەی ئەم شارە کۆ بۆوە و گوتی ئێمە دایکانی شۆڕش لە خوێنی کوڕەکانمان خۆش نابین و تا دوایین هەناسەمان دادخوازی خوێنی بەناحەقڕژاوی کوڕەکانمان بەدەست ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین.

لە خەزەڵوەر تا خەزەڵوەر بۆ ئێمە وەکوو نەتەوەی کورد هەر برین بووە، لە هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکدا ئەوە ئێمەی کوردین کە پشکی شێرمان بەر دەکەوێ  گوشار و سەرکوتکارییەکان بۆ ئێمەش زیاترە.

سەرەڕای هەموو گوشارەکان، ژنانی ئەم نیشتمانە، نە چۆکیان داداوە و نە فێری نەوەی داهاتوویان کردوە کە چۆک دابدەن، دایکان، خوشکان، هاوسەران و کچی شەهیدان، بوونەتە هێمای خۆڕاگری و لەم شۆڕشەدا فێریان کردین کە ئەگەر خەزەڵوەر تا خەزەڵوەر برینمان بەر کەوتوە، خۆڕاگرتر لە جاران لەسەر داوا ڕەواکانمان سوورین و ناهێڵین ئەم کاروانە ڕاوەستێ!