کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆچی دوایی كەسایەتییەكی خۆشناوی شاری نەغەدە

18:04 - 2 سەرماوەز 2723

ڕۆژی چوارشەممە، یەکی سەرماوەز، حاجی مستەفا ئاڕنەیی، کەسایەتیی دیار و خۆشناوی ناوچەی سندوسی سەرێ سەر بە شاری نەغەدە، لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد.

حاجی مستەفا هەر لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی و دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیش هەستی بە زوڵم و زۆری ئەم ڕێژیمانە دەرحەق بە گەلەکەی کرد.

کوڕێکی حاجی مستەفا بە ناوی ئەبووبەکر ئاڕنەیی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە و ئێستا وەکوو ئەندام لە ڕیزی تێكۆشەرانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات درێژە بە چالاکییەکانی خۆی دەدات.

حاجی مستەفا و بنەماڵەکەی بە هۆی پێشمەرگەبوونی کوڕەکەیەوە بەتوندترین شێوە کەوتبوونە بەر ڕق و کینەی سپای تێرۆریستیی پاسداران و جاشە خۆفرۆشەکانەوە.

حاجی مستەفا بە دەیان جار کەوتبووە بەر ئەشکنجە و ئازار، جاڕێکیان بە لوولەی کڵاشینکۆف لەلایەن جاشێکی ڕێژیمەوە لێی درابوو کە ئازارەکانی ئەم لێدانە هەتا دوایین ساتەکانی تەمەنی لەگەڵی مایەوە.

حاجی مستەفا وەکوو هەر کەسایەتییەکی نیشتمانپەوەری کوردستان، ئاواتی ئازادیی نیشتمانەکەی و بینینەوەی دووبارەی کوڕەکەی بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئەم کەسایەتییە نیشتمانپەرەوەرە، سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.