کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانی گشتگیر و کۆنگرەی نەتەوەکان: بە ئەمنییەتیکردنی جەستەی ژنان هێمای ئاشکرای توندوتیژییە

12:27 - 3 سەرماوەز 2723

هاوپەیمانی گشتگیر بۆ ئازادی و بەرابەری و هەروەها کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، بە بۆنەەی ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا بە ئاماژە بە مێژووی ناودێرکردنی ئەم ڕۆژە، باس لە توندوتیژی سیستماتیک و حکوومەتی لە ئێراندا کراوە و لە درێژەدا ئاماژە بە دوو نموونە لە قوربانییانی ئەم توندوتیژییە، ژینا ئەمینی و ئارمیتا گراوەند کراوە.

لە بەشێک لەم ڕاگەەندراوەیەدا هاتووە: لە هەمان سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە، ئامانج لە توندوتیژیی سیستماتیک دژی ژنان بە درێژایی ٤ دەیە، نە تەنیا زاڵبوون بە سەر جەستە و گیانیان، بەڵکوو سڕینەوەیان لە گۆڕەپانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگی بووە.

لە بەشێکدا بە ئاماژە بە توندوتیژی دژی ژنانی نەتەوە بندەستەکان هاتووە: ژنانی بەلووچ، کورد، تورک، عەرەب و ... سەرەڕای هەڵاواردنەکان و ئەو توندوتیژییانەی کە لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا هەن، سەرەڕای کاریگەرییەکانی قەیرانی ئابووری، بەرەوڕووی هەڵاواردن، نایەکسانی و توندوتیژییە چەند قاتەکانی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت نەتەوە جیاوازەکان دەبنەوە.

لە کۆتاییدا بە ئاماژە بەو خاڵە کە توندوتیژی دژی ژنان تەنانەت پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامیش دژی ژنان درێژەی دەبێ، پیاوانی لەمبارەوە بە بەرپرسیار زانیوە.

لە کۆتاییدا هاتووە: ئێمە وێڕای مەحکوومکردنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە پشتبەستن بە یاسا کۆنەپەرستانەکان و لە ڕێگەی دەزگاکانی سەرکوتەوە دژی ژنان دەکرێ، بە ئەمنییەتیکردنی جەستەی ژن بە هێمای ئاشکرای توندوتیژی دەزانین و خوازیارین ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان لە ئێران و لە ئاستی نێونەتەوەییدا، هەوڵەکانیان بۆ سڕینەوەی جۆرەکانی توندوتیژی لە ساختاری کۆماری ئیسلامیدا بخەنە گەڕ.