بەپێی ئەو هەواڵانەی کە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە میدیاکان بڵاو بوونەتەوە، هێزەکانی ڕێژیم لە ناو شاری زاهیدان و دەورووبەری مزگەوتی مەکی جێگیر کراون و کەشی شارەکە بە تەواوەتی ئەمنییەتی کراوە.
لەم پێوەندییەدا ، ڕۆژی هەینی ٣ی سەرماوەز "مەولەوی عەبدولحەمید" لە نوێژی هەینیدا داوای کرد ئەو کەشە ئەمنییەتییەی کە لەلایەن ڕێژیمەوە بە سەر شارەکە و مزگەوتی مەکیدا سەپاوە کۆتایی پێ بهێنرێت و باسی لەوە کرد کە ئەو دۆخە باندۆری لەسەر ژیان و کاری ڕۆژانەی خەڵکیش داناوە و لە سەرەتای شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی"ـوە خەڵکی ئەم پارێزگایە بە دڕندانەترتن شێوە سەرکوت کراون.
ناوبراو لە وتاری نوێژی هەینیی ئەم حەفتەیەدا باسی لە داخستنی مزگەوتەکانی سوننە لە شاری تاران و مەشهەد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە کرد و ڕایگەیاند کە عیبادەت لە هیچ شوێنێکی جیهاندا ئیزنی ناوێ.
مەولەوی عەبدولحەمید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، خوازیاری ئازادیی ڕاگەیاندن بوو و ڕەخنەی لە بەشدارنەکردنی خەڵکی سوننە لە ڕادیۆ و دەنگ وڕەنگی ڕێژیمی ئێران گرت، و ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیڕەوانی ئایینی سوننە لە زاهێدان تەنها یەک ماڵپەڕیان هەیە، کە هەر لە سەرەتاوە فیلتەر کراوە و بەردەوام هەوڵی داخستنی دراوە.
پێشنوێژی هەینیی شاری زاهێدان، لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە خەڵک کرد کە وەک حەفتەکانی پێشوو بە بێدەنگی مزگەوتی مەکی بەجێ بهێڵن.
بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، لە کاتی نوێژی هەینیدا هێزەکانی ڕێژیم لە دەوروبەری مزگەوتی مەکی جێگیر کراون.