کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکۆنە و هەڵپەساردنی لانیکەم ٥٠ خوێندکار لە یەک حەوتوودا

10:47 - 13 خەزەڵوەر 2723

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی جێگیربوونی هێزەکانی ڕێژیم لەژێر ناوی "حیجاب‌بان" لە دەوروبەری زانکۆکانی تاران، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە شەپۆلێکی بێ وێنەی بانگکردنی خوێندکاران بۆ کۆمیتەی ئینزباتی دەکەن، دواتر خوێندکاران بە بیانووی جلوبەرگی نەگونجاو سەرکۆنە دەکەن و لە خوێندن هەڵیاندەپەسێرن.

شۆرای یەکیەتییەکانی خوێندکارانی ئێران لە ڕاپۆرتەکەیاندا ڕایانگەیاندووە: "لە دوو حەوتووی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران بانگی کۆمیتەی ئینزباتی کراون و سزای قورسیان بەسەردا سەپێنراوە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا حوکمەکان بە بیانووی ڕەچاونەکردنی حیجاب دەرکراون."

لە درێژەی ڕاپۆرتی ئەو شۆرایەدا هاتووە: "جگە لەو خوێندکارانەی کە بۆ یەکەمجار بانگهێشتنامەیان پێگەیشتووە و ناچار بوون بەڵێننامە واژۆ بکەن، ژمارەیەکی زۆریش لەو کەسانەی کە سزاکانیان ڕاگیرابوو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ ڕێکارێکی یاسایی، لە ڕێگەی کۆمیتەی ئینزباتی بە تەلەفۆن ئاگادار کرانەوە کە سزاکانیان  جێبەجێ کراوە."

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ژمارەی بانگکرانی خوێندکاران لە چەند حەوتووی ڕابردوودا تەنانەت بە بەراورد بە بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی ''ژن، ژیان، ئازادی'' لە ساڵی ڕابردوودا بێ وێنە بووە.

شۆرای یەکیەتییەکانی خوێندکارانی ئێران لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە ئەگەرچی تا ئێستا ئامارێکی ورد لەبەر دەستدا نییە، بەڵام مەزەندە دەکرێت کە لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا "زیاتر لە ٥٠ خوێندکار" بە بیانووی حیجاب بانگی کۆمیتەی ئینزباتی کراون و سزای سەرکۆنە و هەڵپەساردن لە خوێندنیان بەسەردا سەپاوە.