کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‌ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبرەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

10:37 - 5 سەرماوەز 2723

‌  یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێێدا شۆڕشی ژینای بە شۆڕشی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناو برد کە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و بە شەهیدبوونی ژینا ئەمینی دەستی پێ کرد.

لە بەشێکدا لەم پەیامەدا هاتووە: بەپێی بەندی ٣ی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ، هەموو تاکێک مافی ژیان و ئازادی و ئاسایشی تاکەکەسیی هەیه. بەڵام لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ژنان نە ئازادن و نە ئاسایشی تاکەکەسییان هەیە، بەڵكوو سەرەڕای توندوتیژی ڕەگەزییەی کە بەرانبەریان دەکرێ، لەوپەڕی نایەکسانی و نادادپەروەریدا دەژین. ژنان لە ئێراندا لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ پاشخانی هزری و ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی کە تەنها ئەو مافانەی قەبووڵە کە بۆخۆی بە سیاسەتە کۆنەپەرستەکەی دایڕشتوون.

لە درێژەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: بە دیاریکردنی ڕۆژی ٢٥ی نۆڤامبر وەکوو ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان و هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرانبەر ژنان، لە سەرتاسەری جیهان چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێ، ئێمەش وێڕای ڕێزگرتن لەو ڕۆژە و خەباتی ژنان لەو پێوەندییەدا، ئەوە دەکەینە دەرفەتێک تا  بارودۆخی ژنان لە ئێران و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بخەینە بەر باس و دەنگی حەقخوازانەی ئەوان بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ بگەیەنین، تاکوو زیاتر ئاوڕ لە دۆخی ژنان لە ئێران و پێشێلکاری و توندوتیژییەکان بدەنەوە و پاڵپشتی ئازادیخوازان بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانیان بن.