بەرپرسی ناوەندی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە لە تاراندا زیاتر لە ٢ هەزار و ٨٥٠ حیجاببانیان جێگیر کردووە کە چالاکییەکەیان ئەنجامی هاواهەنگیی سپای پاسداران، بەسیج، هێزەکانی ئینتزامی، شارەداریی تاران و دادستانییە.
بەرپرسی ناوەندی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی ئەم کەسانە زیاتر لە ٢ هەزار و ٨٥٠ کەسە و کاریان ئەوەیە کە بە شێوەی زارەکی هۆشداری بەو کەسانە بدەن کە حیجابی ئیسلامییان ڕەچاو نەکردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە حیجاببانەکان مۆڵەتی گشتی و یاساییان هەیە و پێویستیان بە مۆڵەتی تایبەتی نییە.
پێشتریش لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا میدیاکان لە ئێران بڵاویان کردەوە کە شارەداریی تاران ٤٠٠ کەسی وەک حیجاببان بە مووچەی مانگانەی ١٢ میلیۆن تمەن لە میترۆکاندا جێگیر کردووە.
لە حاڵێکدا کە ئەرکی هێزەکانی حیجاببان بیرهێنانەوەی لەبەرچاوگرتنی حیجاب' ڕاگەیەندراوە، ئەم هێزانە بە شێوەیەکی توندوتیژانە لەگەڵ ژنان و کچان هەڵسوکەوت دەکەن. لەم دواییانەدا ئارمیتا گراوەند، کیژۆڵەی تازەلاوی کوردی خەڵکی کرماشان، ڕۆژی ٩ی ڕەزبەر لە وێستگەی مێترۆی شوهەدای تاران کەوتە بەر پەلاماری توندوتیژانەی هێزەکانی حیجاببان و دوای ٢٨ ڕۆژ مانەوە لە کۆمادا، گیانی لەدەست دا.