ناوەندی نووسەرانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەو ڕەهەندە کولتووری، ئایینی و نەریتییانە کرد کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە سەر ژناندا سەپاوە و بووەتە هۆی چەوساندنەوە و توندوتیژی دژی ژنان.
ناوەندی نووسەرانی ئێران بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گرتووە.
لەو ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کراوە کە بە درێژایی مێژوو لەگەڵ هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێران، جگە لە حیجابی زۆرەملێ ڕێگە بە "توندوتیژی خێزانی، منداڵ هاوسەری، کوشتن لەژێر ناوی شەرەف و ... دراوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیندراوەدا باس لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژنان لە ئێران لە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کراوە، و ئاماژەی بەوە کردووە کە لەگەڵ زیادبوونی لەسێدارەدان و سەرکوت و دەسبەسەرکردنی بەربڵاو بەتایبەت لەنێو ژنان و نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان و هەروەها بەکارهێنانی تاکتیکی دەستدرێژی و توندوتیژی لەلایەن ڕێژیمەوە لە زیندان و شەقامەکاندا، یان ژەهراویکردن لە قوتابخانەکاندا ئاگری سەرهەڵدان بە دژی ئەو ڕێژیمە گەشتر بووەتەوە.