ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە بە هۆی بەرزبونەوەی نرخی بەرهەمە شیرەمەنییەکان، ئەم بەرهەمە بە تەواوەتی خەریکە لە خشتەی خواردنی ڕۆژانەی بنەماڵەکانی ئێران و کوردستاندا نامێنێ.
بە پێی ئەو هەواڵ و ئامارانەی کە ڕۆژنامە و ماڵپەرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردوونەتەوە، پشکی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە سەبەتەی خواردنی بنەماڵەکانی ئێراندا لە ساڵی ١٤٠١دا لە کۆی خەرجییەکان گەیشتووەتە ٠.٧٪ .
بەپێی ئامارەکان نرخی ٤٠٠ گرەم پەنیری سادە نزیکەی ٣٠ هەزار تمەن، نرخی ٧٤٠ گرەم ماستی کەم چەوری ٢٨ هەزار تمەن و نرخی ١٠٠ گرەم کەرە ٢٤ هەزار تمەنە؛ بەم پێیە پارەی پێویست بۆ دابینکردنی بەرهەمە شیرەمەنییەکان بۆ بنەماڵەیەکی ٤ کەسی و بە کەمترین ستانداردی بەکارهێنای مانگانەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن تمەنە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی فائۆ "FAO"، ڕیزبەندی ئێران لە نێوان ١٧٧ وڵاتی جیهان لە ڕووی بەکارهێنانی شیرەوە گەیشتووەتە پلەی ١٢٥ و لە ئێستادا هەر هاووڵاتییەک ساڵانە بەگشتی ٨٠ کیلۆ شیر بەکار دەهێنێت، لە حاڵێکدا ئەم ژمارەیە بە ڕێژەی ٥٠٪ کەمترە لە ڕێژەی بەکارهێنانی جیهانی کە ١٥٠ بۆ ١٦٠ کیلۆ شیرە لە ساڵێکدایە.
هەروەها بە وتەی شارەزایان، ڕێژەی بەکارهێنانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە ساڵی ١٤٠٢دا چەندین جار کەمی کردووە و لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بەکارهێنانی شیر لە سەرتاسەری ئێراندا گەیشتووەتە یەک لەسەرسێی ستانداردی جیهانی.
کەم خواردنی بەرهەمی شیرەمەنی بەتایبەتی بەهۆی کەمیی کەلسیۆم و ویتامینەکانی پێویست بۆ منداڵان و بەساڵاچووان دەبێتە هۆی هەژاری خۆراکی و هەروەها زیادبوونی نەخۆشییەکانی وەک پووکانەوەی ئێسک.