ڕۆژی چوارشەممە ٤ی سەرماوەز، چەندین دامەزراوە و ڕێکخراوەی سینفی، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، بە دەرکردنی چەند بەیاننامە، پشتیوانیی خۆیان لە خەباتی ژنان بە دژی توندوتیژی سیستماتیکی ڕێژیمی ئیسلامی دەربڕی.
گرووپی شۆڕشی ژنانە، ناوەندی نووسەرانی ئێران، شۆرای خانەنشینکراوان و گرووپی هاوپەیمانیی خانەنشینکراوان لە بەیاننامەکانی خۆیاندا ئاماژەیان بە بەرخۆدانی مێژوویی ژنان لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا و توندوتیژی سیستماتیکی ڕێژیم دژ بە ژنان و ڕێگاکانی ڕزگاری لە چەوساندەوەی ڕەگەزی و چینایەتی، کردووە.
لەم بەیاننامانەدا هاتووە کە ئەو توندوتیژییانەی کە لەلایەن حکوومەتی دژەژنی ئیسلامییەوە بە سەر ژناندا سەپاون، دەوڵەتی، قەزایی و سیستماتیکن.
کانوونی نووسەرانی ئێران لە بەیاننامەکەیدا بە ئاماژەدان بە هێرشە ژەهراوییەکانی ڕێژیم بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان نووسیویەتی: هەرچەند کە ژنان بەردەوام ئەزموونی چەوساندنەوە و توندوتیژییان بووە بەڵام لە ئێستادا و بە پشتبەستن بە ماکە کۆنەکانی وەک کولتوور و ئایین و نەریتە کۆنەکان، زوڵم لە ژنان گەیشتوەتە ڕەهەندێکی نوێ و کارەساتبار.
گرووپی شۆڕشی ژنانەش لە بەشیک لە بەیاننامەکەیدا داوای لە هەمووان کردووە تا ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەز کە بە ١٦ ڕۆژی جیهانیی پرتەقاڵی بۆ کۆتاییدان بە توندوتیژی دژ بە ژنان دەناسرێت، بکەن بە دەنگی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.
شایانی باسە کە لە یەک ساڵی ڕابڕدوودا، ژنان بەرەوڕووی توندوترین شێوازەکانی توندوتیژیی سیستماتیک لەلایەن ڕێژیمەوە بوونەوە کە هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان تەنیا بەشێک لەم توندوتیژییانەیە.