کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی تاهیر خەلیلی، هونەرمەند و پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات

18:50 - 5 سەرماوەز 2723

تاهیر خەلیلی، هونەرمەندی ناودار و پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

هونەرمەند تاهیر خەلیلی ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە شاری بۆکان لەدایک بوو. ئەو لە منداڵییەوە خولیای مۆسیقا و گۆرانی‌گوتنی هەبوو و هەر زوو لە کۆڕوکۆبوونەوەکاندا دەستی بە گوتنەوەی گۆرانییەکانی هونەرمەندانێکی وەک مامۆستا محەممەد ماملی، حەسەن زیرەک، تاهیر تۆفیق، عەلی مەردان و ساڵح دیلان کرد. هێشتا تەمەنی ١٥ ساڵ بوو کە یەکەم بەرهەمی هونەریی خۆی بڵاو کردەوە و دواتر بوو بە خاوەنی ڕچە و شێوازی هونەریی خۆی و کۆمەڵێک سروود و گۆرانیی بەناوبانگی لە ژیانی هونەریی خۆیدا تۆمار کرد.

هونەرمەند تاهیر خەلیلی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی و دوای ئاشکرابوونەوەی خەباتی تەشکیلاتی و سیاسیی حیزبی دێموکرات هاتە ڕیزەکانی حیزبەوە و چ لە ڕیزی پێشمەرگەی سەنگەر و چ لە کۆڕی هونەریی حیزبدا بۆ ماوەی نیزیک بە ٥ ساڵ خەباتی سیاسی و هونەریی خۆی درێژە پێدا. هەر لەو قۆناغە لە ژیانی سیاسی و هونەریی تاهیر خەلیلی‌دا و پاش عەمەلیاتێکی هێزی بەیان لە ئاوایی ئەڕبەنووس کە بۆخۆیشی تێدا بەشدار بوو، سروودە مێژووییەکەی "لە تەرەغەی سەربەرزەوە"ی چڕی کە لە تۆمارکردنەکانی دواتردا ناوەکەی بە "قەندیلی سەربەرز" گۆڕی.

هونەرمەند تاهیر خەلیلی لە قۆناغێکی دیکەی ژیانیدا و ساڵی ١٣٧٢ پاش ئەوەی بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە ناچار بە بەجێهێشتنی کوردستان بوو، خۆی گەیاندەوە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و هەتا ساڵی ١٣٧٦ کە پەڕیوەی هەندەران بوو؛ لە کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا ئەرکی هونەری و پێشمەرگانەی خۆی ڕاپەڕاند. کاک تاهیر خەلیلی لە ساڵانی ڕابردووشدا کە لە دەرەوەی وڵات ڕا دەهاتەوە باشووری کوردستان، لە چەند بۆنەیەکی حیزبیدا بە بەشداریی چالاکی بوو کە لە دواهەمینیان کە یادی ٣٠ ساڵەی تێرۆری شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو، چەند سروودێکی نیشتمانی و حەماسیی چڕی.

هونەرمەند تاهیر خەلیلی خاوەنی دەیان سروود و گۆرانی بوو، و "کاکی شوان"، "خاسەکەو"، "شەوی تاریک و بێدەنگی"، "گوڵی مەهاباد" و "کیژۆڵەی کوردستان" چەند سروود و گۆرانیی بەناوبانگی دیکەی هونەرمەند تاهیر خەلیلی‌ن. مخابن مەرگ مەودای نەدا لەوە زیاتر خزمەتی هونەری گەل و نیشتمانەکەی بکا و لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی مەرگی ناوەختی هونەرمەند تاهیر خەلیلی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دەکا و خۆی لەو خەمە قورسەدا بە بەشداری خەمیان دەزانێ.