کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیجاببانەکان جێگای گەشتی ئێرشادیان گرتووەتەوە

10:55 - 6 سەرماوەز 2723

دوابەدوای ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، باسیان لەوە کرد کە حیجاببانەکان سەر بە جمگەکانی دەسەڵات نین و تەنیا کاری خێر دەکەن، بڵاوبوونەوەی بەڵگەیەک نیشانی دا کە وەزارەتی ڕێژیم، بە مەبەستی هەڵسوکەوتی جیددی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە حیجابی ئیسلامی ڕەچاو ناکەن، فەرمانی دەر کردووە.

ئەم بەڵگەیە ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ئەمساڵ دەر کراوە و لەم ڕۆژانەدا لەلایەن ڕۆژنامەی ئێعتمادەوە، بڵاو کراوەتەوە.

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ڕێژیمی ئێران پێشتر سەبارەت بە حیباببانەکان لە مێترۆکانی تاراندا باسی لەوە کرد کە هیچ مۆڵەتێکی یاسایی بەم کەسانە نەدراوە و ئەوان تەنیا بە شێوەی زارەکی هۆشداری بەو کەسانە دەدەن کە حیجابی ئیسلامییان ڕەچاو نەکردووە.

ڕۆژنامەی ئێعتماد بە بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگەیە لەژێر ناوی زۆر مەحرەمانە، ئاشکرای کرد کە وەزارەتی وڵات بە دیاریکردنی هەندێ ڕێوشوێن، ئیزنی هەڵسوکەوتی توند لەگەڵ هاووڵاتییانی داوە، هەر بەم بۆنەشەوە دۆسییەی یاسایی بۆ ڕۆژنامەکە کراوەتەوە.

بەپێی بەڵگەکە، ئیتلاعاتی فەراجا، ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعات ئەرکدار کراون بە هەڵگرتنەەی وێنە و ڤیدیۆ و کۆکردنەوەی بەڵگە و هەروەها ناسینەوەی ئەو کەسانەی کە بە بێ حیجابی دڵخوازی ڕێژیم لە شوێنە گشتییەکاندا دەردەکەون و لە کۆتاییشدا ڕادەستکردنی بەڵگەکان بۆ فەراجا و ناوەندە دادوەرییەکان.

ئەم بڕیارەی ڕێژیم زیاتر بە مەبەستی جێگیرکردنی حیجاببانەکان لە جیاتی گەشتی ئێرشادە.

دوابەدوای کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئێرشاد و هەستیاربوونەوەی خەڵک بە نیسبەت ئەم ناوەندە، ڕێژیم زیاتر هەوڵ بۆ جێگیرکردنی هێزێکی هاوچەشن بۆ سەرکوتی ژنان و کچان دەدات و لەم ڕاستایەشدا بە چەواشەکاری و لەژێر ناوی کاری خێر، ئەیەوێ بەرپرسایەتیی یاسایی خۆی لە ڕووداوەکانی داهاتوو، بسڕێتەوە.