کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لەئارادایە

11:14 - 6 سەرماوەز 2723

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی ئاخرین ڕۆژ لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس،  گوشارەکان  بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستەکە لەلایەن وڵاتانەوە بۆ سەر ئیسرائیل زۆرتر بووەتەوە.

بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە جۆ بایدێنی ڕاگەیاندووە کە لەپێناو ئازادیی هەر ١٠ کەس لە بارمتەکان، ئیسرائیل یەک ڕۆژ ماوەی گرێبەستەکە درێژ دەکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆڕتێک کە لەلایەن "واڵ ستریت ژۆرناڵ"ەوە بڵاو کراوەتەوە، وتووێژەکان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستەکە بە نێونجیی قەتەر و میسر لەئارادایە.

هەر بەپێی ئەم ڕاپۆڕتە باس لە ئازادیی بارمتە بەتەمەنەکان لەلایەن حەماسەوە کراوە.

لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابڕدوودا بەپێی ڕێککەوتنەکە، حەماس ٣٩ بارمتەی ئازاد کردووە و ئیسرائیلیش ١١٧ بەندکراوی فەلەستینی ڕادەست کردوەتەوە.

 هەر بەپێی ئەم ڕێککەوتنە بڕیارە تا کۆتایی ماوەی ئاگربەستەکە، بەگشتی  ٥٠ بارمتەی ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە  و ١٥٠ بەندکراوی فەلەستینیش لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد بکرێن.

لەلایەکی دیکەوە بێنیامین نێتانیاهوو دوێنێ یەکشەممە لە میانەی دیدار لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هیچ شتێک ناتوانێت پێش بە درێژەدانی ڕێگاکەیان بگرێت.