کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماریخوازەکان خوازیاری وڵامدانەوەی توندی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێرانن

11:35 - 6 سەرماوەز 2723

تام كاتێن سێناتۆری کۆماریخواز، ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی "جۆ بایدن" لەهەمبەر هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا گرت.

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەز "تام كاتێن" سێناتۆری کۆماریخواز و ئەندامی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا، لە هەڤپەیڤین لەگەڵ کاناڵی "فۆکس نیووز" دا ئاماژەی بە هێرشەکانی گرووپ و میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا کرد و داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەرفراوانی تۆڵەسەندنەوە لە دژی ڕێژیمی ئێرانی کرد.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە لە کاتی هاتنەسەرکاری "جۆ بایدن"ەوە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران زیاتر لە ١٥٠ جار هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ٦٦ لەو هێرشانە دوای شەڕی ئیسرائیل و حەماس بووە، بەڵام تاکوو ئێستا ئەمریکا تەنیا بە چەند هێرشی سنووردار وڵامی ئەو هێرشانەی داوەتەوە.

كاتێن لە درێژەدا باسی لەوە کرد کە ڕێگەی سەرەکیی ڕاگرتنی ئەو هێرشانە، خۆپاراستن نییە بەڵکوو دەبێ ئەمریکا ڕێوشوێنی توند بگرێتە بەر تاکوو بۆیان ڕوون بێتەوە کە هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئێمە بە هیچ شێوازێک قەبوول ناکرێ؛ ناوبراو وتیشی لە ئەگەری وڵامنەدانەوەدا ڕەنگە هێرشی قورس و کوشەندە بکرێتە سەر هێزەکانمان لە ناوچەدا.

کاتێن لە بەشێک لە قسەکانیدا ڕاستەوخۆ ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی "جۆ بایدن" گرت و وتی لە ئێستادا ئەگەر هێرشیش بکەین تەنیا هێرش دەکەینە سەر کۆگای بەتاڵی میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران.