کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن

09:23 - 6 سەرماوەز 2723

 

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەز، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی سێنفە جیاوازەکاندا، هاوشێوەی حەفتەکانی ڕابردوو، خانەنشینکراوان، کرێکاران و پەرستاران لە شارەکانی کرماشان، ئەهواز، ئەراک، شووش، تاران و ئێسفەهان بەهۆی خراپیی بارودۆخی ژیان و وڵامنەدانەوەی داواکارییەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بە پێی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی کە بڵاو بوونەتەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی  سەرماوەز، پەرستارانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران، بەمەبەستی داوای مافە ڕەواکانیان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەردەم بینای ئەم زانکۆیە بەڕێوە برد.

هەروەها خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی ئەراک، کرماشان، تاران، ئەهواز، شووش، حەوت تەپە و کەرخە بۆ جارێکی دیکە بە وتنەوەی دروشمی"هەڵاوسان و گرانی، ژیانی خەڵک کارەساتە"، "مووچەی خانەنشینی، تەنیا بۆ یەک حەفتەیە"، کۆ بوونەوە و ناڕزایەتیی خۆیان دەربڕی.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ''حاڵ‌وەش''، کرێکاران و فەرمانبەرانی فەرمی و گرێبەستی شارەداریی زاهێدانیش، لە بەردەم بینای شارەداریی ئەم شارە، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە وەرنەگرتنی مووچەی سێ مانگی خۆیان، کۆ بوونەوە.

دوابەدوای کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی یەکشەممە، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی پیشەسازیی پۆڵا لە شارەکانی ئێسفەهان و تاران کۆ بوونەوە و بەنیسبەت خراپیی بارودۆخی ژیان و گرینگینەدان بە داواکارییەکانیان لەلایەن ڕێژیمەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەرەها، لە کرماشان خانەنشینکراوانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە بەردەم بینای دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و دەنگیان بە دروشمی "تا مافی خۆمان بەدەست نەهێنین دانانیشن" بەرز کردەوە.

کرێکارانی ئاسنگەریی ئێسفەهان لە ناڕەزایەتی بە گرینگینەدان بە داواکارییەکانیان و بەپێی ئەو بانگەوازەی پێشتر ڕاگەیەندرابوو، مانیان لە خواردن گرت و ئامادە نەبوون نانی نیوەڕۆ لەو کۆمپانیایە وەربگرن.