کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، ئەمریکا هێزی دیکە ڕەوانەی ناوچەکە دەکات

11:28 - 10 خەزەڵوەر 2723

لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی پێوەندیگرتن و ئینتێرنێتی لە غەززە پچراون. هاوکات لەگەڵ نیگەرانییەکان لە تەشەنەسەندنی ململانێکان بۆ ناوچەکانی دیکە، ئەمریکا ٣٠٠ هێزی سەربازی دیکەی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

جگە لە هێرشە ئاسمانییەکان و ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی ئیسرائیل لە غەززە، هێزی دەریایی ئەو وڵاتە هێرشی کردە سەر ناوچە کەناراوەکانی لێواری غەززە.

لەگەڵ چڕبوونەوەی ململانێکانی ئیسرائیل و حەماس لە لێواری غەززە و زیادبوونی جموجۆڵی هێزە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەر لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە بەرپرسی نووسینگەی حەماس لە قەتەر وتی: "لە ئەگەری درێژەدانی ئیسرائیل بە هێرشەکانی، ئەوە هیچ لایەنێک لە کاریگەریی ئاکامەکانی ئەو شەڕە بەدوور نامێنێت."

هاوکات حوسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند کە چەندین دڕۆن و مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.

یەحیا سەریع، وتەبێژی حووسییەکانی یەمەن لە ڕاگەیەندراوێکیدا وتی: "ئێمە مووشەک و دڕۆنێکی زۆرمان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و لە داهاتووشدا بۆ یارمەتی فەلەستینییەکان تا سەرکەوتن هێرشی زیاتری لەم جۆرە دەکەینە سەر ئیسرائیل."

لە لایەکی دیکەشەوە پاتریک ڕایدێر وتەبێژی پێنتاگۆن ڕۆژی سێشەممە باسی لە ناردنی ٣٠٠ سەربازی دیکەی ئەمریکایی بۆ ناوچەکە کرد بەڵام وتی: ''ئەم هێزانە ناچنە ئیسرائیل.'' جگە لەمانە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەمریکا لە چەند قۆناغی جیاجیادا چەندین ناوگان و فڕۆکەی شەڕکەری خۆی هەناردەی ناوچەکە کرد.

لە دەسپێکی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس تا ئێستا،  نزیکەی ٨هەزار و ٥٠٠ فەلەستینی و هەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلی کوژراون، هەروەها زیاتر ٢١هەزار فەلەستینی و ٥هەزار و ٤٣٠ ئیسرائیلیش بریندار بوونە.