کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی گۆشتی سوور ١٠ تا ١٥ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە

12:13 - 6 سەرماوەز 2723

لە ڕۆژانی ڕابردوودا نرخی گۆشت بەرزبوونەوەیەکی ١٠ تا ١٥ هەزار تمەنیی بە خۆیەوە بینی.

عەلی ئەسغەر مەلەکی بەرپرسی سەندیکای گۆشتی سوور لە ئێران، لەم پێوەندییەدا وتی: بە هۆی گرانبوونی خواردنە پێویستەکانی ئاژەڵان لە ساڵانی ڕابڕدوودا، ئاژەڵداران ناچار بە فرۆشتنی ئەو ئاژەڵانە بوون کە زاوزێیان دەکرد، هەر ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی ئاژەڵان بۆ دابینکردنی گۆشتی سوور کەم بێتەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا کەمبوون و گرانیی خۆراکی پێویستی ئاژەڵان و دابیننەکردنی دراوی هاوردە لەلایەن دەوڵەتەوە، لە کێشە گەورەکانی ئاژەڵداران بووە کە ئەمەش کاریگەریی زۆری لەسەر گرانتربوونی نرخی گۆشتی مریشک بووە.

هاوکات ناوەندی ئاماری ئێران ڕۆژی یەکشەممە باسی لە هەڵاوسانی ٩١٪ی گۆشتی سوور بەنیسبەتی خەزەڵوەری ساڵی پار کردووە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕێکخراوی فائۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٢، ڕێژەی بەکارهێنانی گۆشتی سوور لە ئێراندا، ٦ کیلۆ بووە. ئامارێک کە بۆ ئەمساڵ کەمتر لە ٣ کیلۆ ڕاگەیەندراوە و هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیە، بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت بۆ کیلۆیەک بە ٧٠٠ هەزار تمەن بووە.

گرانبوونی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان خەڵکی تووشی هەژاریی خۆراک کردووە و ئەمە ئەتوانێ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستیی خەڵک هەبێت.