کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە قوتابخانەکاندا ئەندامگیری بۆ بەسیج دەکات

12:27 - 6 سەرماوەز 2723

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ ناونوسیی قوتابییان لە بەسیج، پێشنیاری گەشتێكی یەک حەفتەییان پێ کردوون.

بەپێی زانیارییەکان، لە قوتابخانەی کچانەی دواناوەندیی ڕەسوڵی دێهبۆکری لە شارۆچکەی سیمینەی بۆکان، پێشنیاری گەشتێکی یەک حەفتەیی بۆ بەندەرعەباس بە قوتابییەکان دراوە، بەڵام مەرجی سەرەکی بۆ بەشداری لە گەشتەکە، پڕکردنەوەی فۆرمی بەسیج لەلایەن قوتابییەکانەوە بووە کە هیچ یەک لە قوتابییەکان ئامادە نەبوون، فۆرمەکان پڕ بکەنەوە.

ئەم هەوڵەی ڕێژیم لە حەفتەی بەسیجیدا لەحاڵێکدایە کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا، قوتابییان و بەتایبەتیش کچانی قوتابی، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان دوای کوژرانی ژینا ئەمینی هەبوو.

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا فەرمانداریی پیرانشار بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەک بە بۆنەی حەفتەی بەسیجەوە، ٢٨ خاڵی وەکوو ڕاسپاردە بە ناوەندە پێوەندیدارەکان دابوو تاکوو لەو حەفتەیەدا جێبەجێی بکەن.