کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠ میلیۆن کەسی تر چوونە ڕیزی هەژارەکانی ئێرانەوە

14:46 - 6 سەرماوەز 2723

بە پێی ڕاپۆڕتێکی شیکاریی بانکی جیهانی، باس لەوە دەکرێت کە لە ئێراندا بە هۆی ناکارامەیی کاربەدەستەکانی ڕێژیم و بەڕێوەبەریی خراپی ئابووری و هەروەها بەردەوامبوونی گەمارۆکان لە سەر ئەو وڵاتە،  نزیک بە ٩.٥ میلیۆن کەس بە حەشیمەتی ئەو کەسانەی کە لە ئێراندا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین زیاد بووە.

ئەو داتا و ئامارانەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کۆ کراونەتەوە دەریدەخەن کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠٢٠، ژمارەی ئەو کەسانەی لە خوار هێڵی هەژاریدان زیادی کردووە، بە جۆرێک کە لە ٢٠٪ەوە گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٨٪ و بەپێی حیساباتی بانکی نێودەوڵەتی، ئەم زیادبوونە بە واتای زیادکردنی ٩ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسی دیکە بە ڕێژەی هەژاران لە ئێراندایە.

 لێکۆڵینەوەکانی بانکی نێودەوڵەتی دەریدەخەن کە نیوەی خەڵکی ئێران تووشی هەژاریی مەترسیدار بوونە و لە هەر ٥ کەس، کەسێک لە ئێراندا هەژارە.

لە هەموو وڵاتەکانی جیهاندا داهاتی سەرچاوەکانی ژێرزەوینیی وەک نەوت و کانزاکان بۆ خزمەتکردن بە خەڵک و خۆشبژێویی گشتییە، بەڵام لە ئێراندا و لەژێر سێبەری ڕێژیمی ئێراندا هەموو ئەو داهاتە سەرفی کاری تێروریستی و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکەدا دەکرێ.

لەم پێوەندییەدا ڕۆژنامەی "ئازەربایجان" سەر بەر ڕێژیمی ئێران لە زاری وەحید سەلیمی سەرۆکی ڕێکخراوی مانگی سووری ئێرانەوە بڵاوی کردووەتەوە کە هاوکاریی نەختیی خەڵکی ئێران بۆ خەڵکی غەززە لە ١٠٠ میلیارد تمەنیش تێپەڕیوە.

کاربەدەستانی ئێران سەروەت و سامانی خەڵک تاڵان دەکەن و دەیبەخشن بە وڵاتانی وەکوو فەلەستین و لە کۆتاییدا بە ناوی هاوکاریی خەڵکی ئێران بۆ وڵاتانی دیکە، ڕاستییەکان چەواشە دەکەن.