کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکاریی بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوامە/ هۆکاری ڕووداوەکانی هاتوچۆ ناکارامەیی ڕێژیمە

10:22 - 7 سەرماوەز 2723

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەەی قوربانییانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە کوردستان، بەرپرسانی ڕێژیم بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان، باس لەوە دەکەن کە هۆکاری سەرەکیی ئەم ڕووداوانە نەبوونی فەرهەنگ و گرینگینەدان بە یاساکانە.

پێشنوێژی هەینیی ورمێ، لە وتاری ئەم حەفتەی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە کەمکردنەوەی ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆ پێویستی بە جێگیرکردنی فەرهەنگ و یاساکانی پێوەندیدار بە لێخوڕینی ماشینەکانە.

ئەم کاربەدەستەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە ئەمساڵ ٢٥ هەزار ڕووداوی هاتووچۆ لە پارێزگای ورمێ ڕوویان داوە کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی  ٣٠٠ کەس و برینداربوونی ٨ هەزار کەس لەم پارێزگایەدا.

ئەمە لەحاڵیکدایە کە پێشتر ڕێژەی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان لەم پارێزگایە ٤٠٠ کەس ڕاگەیەندرابوو.

هاوکات فەرماندەی ئینتیزامیی پارێزگای ورمێش، هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکانی هاتوچۆی بۆ نەبوونی فەرهەنگی لێخوڕین لەلایەن هاووڵاتییانەوە گەڕاندووەتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیم لە جیاتی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کیشەی ڕێگاوبانەکان، بەرپرسایەتیی ڕووداوەکان دەخەنە ئەستۆی خەڵکەوە.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە هۆکاری سەرەکیی ئەم چەشنە ڕووداوانە لە هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەبوونی ڕێگاوبانی ستاندارد و نەبوونی پۆلیسی ڕێگاوبان لەو ڕێگایانەیە کە مەترسیی ڕووداوەکان تێیاندا زۆرە.

لەلایەکی تریشەوە ناستانداربوون و بێ کەڵکبوونی ئەو ماشینانەی کە لە ئێراندا درووس دەکرێن یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە.