کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕای ئیدیعای بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە گەشەی ئابووری، قەیرانی بژێویی ژیان لە ئێران هەروا پەرە دەستێنێت

11:40 - 14 خەزەڵوەر 2723

میدیاکان لە ئێران باس لە خراپتربوونی قەیرانی بژێویی ژیان دەکەن و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە خەڵک هەست بە کاریگەریی ئەو گەشەی ئابوورییە لە ژیانی خۆیاندا ناکەن کە بەرپرسانی ڕێژیم ئیدیعای بۆ دەکەن.

ڕۆژنامەی ''دونیای ئیقتساد'' لە ئەنجامی ڕاپرسییەک ڕایگەیاندووە، هەرچەندە ئامارە فەرمییەکان باس لە باشتربوونی گەشەی ئابووری و زیادبوونی هەلی کار دەکەن، بەڵام زیاتر لە ٨٠ لەسەدی بەشداربووانی ئەم ڕاپرسییە هەستیان بەم گۆڕانکاریی ئەرێنییە لە ژیانی خۆیاندا نەکردووە.

ئەم ڕۆژنامەیە ئەو گەشەسەندنەی کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی بۆ دەکەن بەهۆی زیادبوونی داهاتی نەوتەوە زانی و جەختی لەوە کردەوە کە ئاستی هەڵاوسانی ئابووری لە ئێران ئەوەندە بەرزە کە تەنانەت ئەگەر داهاتێک بەهۆی گەشەی ئابووری بە خەڵک بگات، ئەوا بەهۆی هەڵاوسانەوە لێیان دەستێنرێتەوە.

نزیکەی ٩٠ لەسەدی بەشداربووانی ڕاپرسییەکەی ڕۆژنامەی ''دونیای ئیقتساد'' لە بەرامبەر ئەو پرسیارەدا کە ''ئایا هەست بە گەشەی ئابووری دەکەن لە ژیانی ڕۆژانەیاندا؟ '' وڵامی نەرێنییان داوەتەوە. هەروەها نزیکەی ٨٥ لەسەدی بەشداربووان باوەڕیان بە کەمبوونەوەی بێکاری نەبووە.

لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی حکوومەتیی ''تەسنیم''، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە قەیرانی بژێویی کرێکاران کردووە و نووسیویەتی، یارمەتیی حکوومەت بۆ خانووبەرە، تەنانەت بەشی کرێی یەک شەویشی ناکات و پرسی نیشتەجێبوون هێندە سەخت و ئەستەم بووە کە بەشێک لە کرێکاران بەهۆی بێتواناییانەوە لە پێدانی کرێی خانوو، لە خێوەتدا ژیان بەسەر دەبەن.