کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەهاباد/ ٨٩٦ قوتابی لە خوێندن بەجێ ماون

10:54 - 7 سەرماوەز 2723

ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە مەهاباد، باسی لە دەستنیشانکردنی ٨٩٦ قوتابی لەم شارە کردووە کە لە خوێندن بەجێ ماون.

 بە وتەی ئەسعەد ڕەسووڵی، بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە شاری مەهاباد، لە کۆی ئەو ٨٩٦ کەسە، ١٤٣ کەسیان لە قۆناغی سەرەتایی، ٣٠٠ قوتابی لە قۆناغی دواناوەندیی یەکەم و ٤٥٣ کەسیش لە قۆناغی دواناوەندیی دووهەم وازیان لە خوێندن هێناوە.

بە وتەی ناوبراو هۆکاری وازهێنانی زۆربەی ئەو قوتابییانە، نەبوونی هیوا بە خوێندنە.

پێشتریش، هادی مووسەی‌نیک کارناسی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیم  باسی لەوە کردبوو کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بڵاو کراوەتەوە، نزیکەی ٤٥٠ هەزار منداڵ لە خوێندن بەجێ ماون، و نزیک بە یەک و نیو میلیۆن منداڵیش لە لێواری وازهێنان لە خوێندندان.

چەند مانگ لەومەپێش ڕۆژنامەی "ڕێساڵەت"ی ڕێژیم، ڕاپۆرتێکی لەسەر زیادبوونی ڕێژەی زیاتر لە ١٧٪ی ئەو منداڵانەی بڵاو کردەوە کە لە ماوەی ٦ ساڵدا لە خوێندن بێبەش بوون و هۆکارەکەی بۆ پەرەسەندنی هەژاری لە وڵاتدا گەڕاندەوە.

وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن بۆ هۆکارگەلێکی وەک تێچووی زۆری خوێندن و بێبەشبوونی توێژی هەژار و دەسکورت لە ئیمکاناتی پێویست بۆ خوێندن دەگەڕێتەوە، نەبوونی هیوا بە داهاتووی گەش و دەسکەوتنی کاریش بەشێک لە هۆکارەکانی وازهێنانی قوتابییان لە خوێندنە.