کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ دوو ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە

11:24 - 7 سەرماوەز 2723

بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئاگربەستی نێوان گرووپی حەماس و ئیسرائیل بۆ ماوەی دوو ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە.

 ڕۆژی دووشەممە، ٦ی سەرماوەز، ماجد ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە تۆڕی کۆمەڵاتیی ئیکس ڕایگەیاند: قەتەر وەکوو وڵاتێکی نێوبژیوان ڕایدەگەینێت کە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ماوەی دوو ڕۆژی دیکە ڕێککەوتنیان کردووە.

 هاوکات گرووپی حەماسیش لە ڕاگەیەندراوێکدا درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستەی بە هەمان مەرجی ئاگربەستی پێشوو ڕاگەیاند.

 ڕۆژی ٣ی سەرماوەز، ئیسرائیل و گرووپی حەماس بە نێوەندگیریی قەتەر و ئەمریکا و میسر، لەبارەی ڕاگرتنی شەڕی چوار ڕۆژە و ئاڵوگۆڕی ٥٠ بارمتەی ئیسرائیلی لەگەڵ ١٥٠ زیندانیی فەلەستینی گەیشتنە ڕێککەوتن.

 لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە هەتا ئێستا، حەماس ٥٨ بارمتەی ئیسرائیلی و بیانیی ئازاد کردوون و لە بەرانبەردا ئیسرائیل ١٥٠ بەندکراوی فەلەستینیی ئازاد کردووە.

 بەپێی ئەو ڕێککەوتنە جگە لە ئاڵۆگۆڕی زیندانییان بڕیارە ئیسرائیل ڕێگە بە گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی و پێداویستییە سەرەتاییەکان بە غەززە بدات.

ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەر، چەکدارانی حەماس لە هێرشێکدا بۆ سەر ئیسرائیل جیا لە کوشتنی سەدان کەس، ٢٤٠ کەسیان بە بارمتە گرت کە بەشێکیان خەڵکی وڵاتانی بیانی بوون، لە بەرانبەردا ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە، هێرشەکانی بۆ سەر لێواری غەززە دەست پێکرد و بەپێی ئاماری بەرپرسانی تەندروستیی فەلەستین، زیاتر لە ١٥هەزار فەلەستینی کوژراون.