کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەریا کاکایی پلەی دووهەمی کێبڕکێیەکی سترانبێژیی بەدەست هێنا

12:20 - 7 سەرماوەز 2723

دەریا کاکایی کچە هونەرمەندی مێرمنداڵی خەڵکی شاری کرماشان، پلەی دووهەمی لە کێبڕکێی "دەنگی منداڵانی کورد" کە لە باشووری کوردستان بەڕێوە چوو، بەدەست هێنا.

کاکایی پاش بەدەستهێنانی خەڵاتەکەی لە ڕێوڕەسمی کۆتایی کێبڕکێیەکەدا، بۆ یادکردنەوە لە شەهید ژینا ئەمینی، سترانێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

ئەم کچە هونەرمەندە لە هەژماری ئینستاگرامیی خۆیدا نووسیویەتی: "سپاس بۆ خوای گەورە، یارمەتی مامۆستاکانم و بە هەوڵ و ڕاهێنانی زۆر و هەروەها پاڵپشتیی بنەماڵەی ئازیزم، توانیم پلەی دووهەمی دەنگخۆشترین سترانبێژ لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەدەست بێنم."

دەریا کاکایی بە لێهاتوویی و داهێنانی خۆی توانیویەتی سەرنجی زۆرێک لە مامۆستایان و هونەرمەندانی گەورەی کوردستان بۆ خۆی ڕابکێشێت، بە جۆرێک کە وەکوو دیاردەیەک لە مۆسیقای نوێی کوردیدا ناوی لێ دەبەن.