کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبرەوە سێمینارێکی بەڕێوە برد

18:11 - 7 سەرماوەز 2723

ڕۆژی شەممە، ٥ی سەرماوەز، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، سێمینارێک لە لایەن کۆمیتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە لە چەند بڕگەی جیاوازدا و بە بەشداریی کۆمیتەکانی وڵاتانی نوروێژ، فینلاند، بلژیک و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی ژنان بەڕێوە چوو.

لە پانێکی یەکەمدا، سۆران عەلیپوور باسێکی لەژێر ناوی توندوتیژی، دیسیپلین و دەسەڵات پێشکەش کرد و باسی لە لایەنە شاراوەکانی توندوتیژیی سیستماتیک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کرد و وتی: هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی، ئابووری و فەرهەنگی، ژنانی کوردی لە ناوەندەکانی بڕیار، سیاسەت و کار دوور خستۆتەوە و دەرفەتی هەڵسوکەوت و جووڵەی ئازادی لە ژنان ستاندوونەتەوە.

لە پانێلی دوهەمدا، کیژان کەریمی پارێزەر و یاساناس، بە پشتبەستن بە هەندێک بەڵگە و داتا ئاماژەی بە ڕێژەی زۆری توندوتیژی بەرانبەر ژنان و توندوتیژیی خێزانی کرد. ناوبراو ئاماژەی بە چۆنیەتیی باسکردن و قۆناغەکانی بەدواداچوونی یاسایی سەبارەت بە توندوتیژییەکان کرد.

لە پانێلی سێهەمدا، د. سۆزان فەتحی پەرژایە سەر کاریگەرییەکانی توندوتیژیی داگیرکەر لەسەر تەندورستیی ژنان و باسی لەو کێشانە کرد کە بە هۆی توندوتیژییەوە، لەباری کۆمەڵایەتی و تەندروستییەوە بەرەوڕووی ژنان دەبنەوە و وتی: ئەو ژنانەی کە شەڕیان بینیوە و لە شەڕدا ژیاون، ناڕاستەوخۆ توندوتیژییان بەرانبەر کراوە و زۆربەیان تووشی کێشەی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە.

لە  بڕگەکانی دیکەی سێمینارەکەدا، چەند پارچە شێعر لەلایەن خاتوو ناهید حسەینییەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرا و هەروەها خاتوو ئارەزوو حسامی بە پێشکەشکردنی سەمایەک، سێمینارەکەی ڕازاندەوە.