کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بەنیسبەت هاوکارییە نیزامییەکانی ڕووسیە و ئێران نیگەرانە

10:45 - 8 سەرماوەز 2723

ئەمریکا لە کاردانەوە بە هەواڵی گەیشتنی کەرەستەی نیزامیی پیشکەوتوو لە ڕووسیەوە بۆ ئێران، هاوکاریی نێوان ئەم دوو وڵاتەی بە زیانبەخش و هۆکاری ناسەقامگیری لە ناوچەکە ناو برد.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی لەمبارەوە وتوویەتی، ئەمریکا چەندین جار سەبارەت بە پەرەسەندنی هاوکارییە سەربازییە نزیکەکانی نێوان ڕووسیە و ئێران هۆشداری داوە، هەواڵی ئەمڕۆ دەریدەخات کە ڕووسیە تا چ ڕادەیەک ئامادەیە ڕاستەوخۆ هاوکاریی بەهێزکردنی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران بکات. ئەم دەستێوەردانە سەربازییە بەتەواوەتی بۆ دراوسێکانی ئێران زیانبەخشە و دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی چالاکییەکانی ئێران بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە.

جێگری وەزیری بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٧ی سەرماوەز، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ''تەسنیم''، هاتنی فڕۆکەی مەشق و ڕاهێنانی ''یاک-١٣٠''، فڕۆکەی شەڕکەری ''سۆخۆ-''٣٥ و '' هێلیکۆپتەری ''میل-٢٨''ی بۆ ئێران پشتڕاست کردەوە.

جان کێربی، ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتێژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، حەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، تاران لە بەرامبەر فرۆشتنی درۆن بە ڕووسیە، جۆرەها مووشەک و تەکنەلۆژیای شەڕی ئێلێکترۆنی و سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە ڕووسیە وەردەگرێت.

هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دوای زیادبوونی هێرشەکانی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی  ئێران بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیادیان کردووە.