کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەشیمەتی ئێران بەرەو پیربوون دەچێت

11:36 - 8 سەرماوەز 2723

بەرپرسێکی ڕێژیم لە خوراسان پێشبینی ئەوەی کردووە کە حەشیمەتی ئێران لە ساڵی ١٤٨٠ی هەتاویدا، دەگاتە ٣٠ میلیۆن کەس کە نیوەیان بەساڵاچوو دەبن.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم وێڕای هۆشداریدان سەبارەت بەوەی کە لە داهاتوودا ئێران دەبێتە یەکێک لە وڵاتانی جیهان کە پیرترین حەشیمەتی دەبێت، پڕبوونی شوێنی حەوانەوەی بەساڵاچووان و نەبوونی لاوان بۆ پێڕاگەیشتن بە بەساڵاچووان و چەندین پرس و کێشەی دیکەی وەک دەرئەنجامی بەرجەستەی ئەم ڕووداوە، خستووەتە ڕوو.

بە پێی ئامارەکان لە ساڵی ١٤٢٥ تا ١٤٣٠دا، نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتووانی ئێران بەساڵاچوو دەبن کە ئەمە جێی نیگەرانییە.

ئاماری تەڵاق لە ئێران هەروا ڕووی لە هەڵکشانە، نەبوونی دەرفەتی کار و دەسکورتیی خەڵک وا دەکات کە لاوەکان لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش پاشگەز ببنەوە، هەروەها گرانی و هەڵاوسانی ئابووری و تێچووی زۆری ژیان، خەڵک لە زاوزێکردن پەشیمان دەکاتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە عەلی خامنەیی چەندین ساڵە جەخت لەسەر هاوسەگیری و بەرزکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەت دەکاتەوە.

دۆخی داڕماوی ئابووری، نەبوونی هیچ چەشنە ترووسکە هیوایەک بۆ داهاتوو، دەستپێڕانەگیشتن بە پێداویستییە سەرەکییەکان، بێکاری، هەژاری، زەقبوونەوەی هەڵاواردن و دەیان گرفتی دیکە بووەتە هۆی ئەوەیکە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش ڕوو لە کزی بدات.

سەرەڕای ئاگاداربوونی بەرپرسانی ڕێژیم لە قەیرانی پیربوونی حەشیمەتی ئێران، چارەسەرنەکردنی کێشەی ئابووری لەلایەک و سەرکوتکارییەکان بەتایبەت کوشتنی لاوان لە یەک ساڵی ڕابردوودا، لەلایەن ڕێژیمەوە، لەو خاڵە گرینگانەن کە کاریگەرییان لەسەر ئەم پرسە داناوە.