کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ڕادەستکردنی درۆن بۆ ڕووسیە بەردەوامە

10:40 - 9 سەرماوەز 2723

ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە برۆکسل ڕاگەیاند کە زۆربەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە حەفتەی ڕابردوو لە گەورەترین هێرشی ڕووسیە بۆ سەر کیێفی پایتەختی ئۆکراین بەکارهێنراون، دروستکراوی ڕێژیمی ئێرانن.

لەم پێوەندییەدا زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە وتووێژێکدا لەگەڵ "فۆکس نیووز" ڕایگەیاندووە کە چەندین پەیامیان بۆ ئێران ناردووە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مۆڵەتی دروستکردن و بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ڕووسیە نەدات.

بە پێی ڕاپۆرتی "واڵ ستریت ژۆرناڵ"، ڕێژیمی ئێران پێشتریش فڕۆکەی بێفرۆکەوان و درۆنی، ڕادەستی ڕووسیە کردبوو و ئێستاش ئامادەی ناردنی مووشەکی کورتهاوێژ بۆ ئەو وڵاتەیە.

کیێفی پایتەختی ئۆکراین لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کرایە ئامانجی گەرەترین هێرشی ڕووسیە. لە دەستپێکی هێرشەکانی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، ‌هێرشی حەفتەی ڕابردوو گەورەترین هێرش بووە کە بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران ئەنجام دراوە.

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، جارێکی دیکە و لە چەواشەکارییەکی دیکەدا، دووپاتی کردووتەوە کە ئێران هیچ چەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بە ڕووسیە نەداوە تاکوو لە شەڕی دژی ئۆکرایندا بەکاری بهێنێت.