کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بۆ سەر دەیان کەس و دامەزراوەی پێوەندیدار بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە

11:01 - 9 سەرماوەز 2723

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، گەمارۆی خستە سەر چەندین تۆڕی گەورە کە کارئاسانیی داراییان بۆ هێزە سەربازییەکانی ئێران کردووە.

ئەم وەزارەتە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە کە زیاتر لە ٢٠ کەس و دامەزراوەی خستووەتە لیستەی گەمارۆکانەوە. ئەم کەس و دامەزراوانە، هاوکاریی ئەو تۆڕە داراییانەیان کردووە کە کارئاسانییان بۆ وەزارەتی بەرگری و ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران و هێزی قودسی سپای پاسداران کردووە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و پشتیوانی دارایی لە چەندین گرووپ و میلیشیای وەک حەماس و حیزبوڵڵا، پێویستی بە چەندین میلیارد دۆلارە کە لە ڕێگەی فرۆشتنی کاڵاوە دابینی دەکات.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە مانگی خەزەڵوەەی ئەمساڵدا، دەوڵەتی ئوسترالیا هاوکات لەگەڵ سەپاندی گەمارۆ بەسەر ئەو لایەنانەدا کە پشتیوانیی لە گرووپی حەماس دەکەن، باسی لەوە کرد کە لایەنی دارایی و چەکوچۆڵی حەماس و جیهادی ئیسلامیی فلستین لەلایەن ڕێژیمەوە دابین دەکرێن و پێویستە لەمبارەوە هەڵوێستی جیددی بگیردرێت.