کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ٢٤ کاتژمێری دیکە درێژ کرایەوە

11:18 - 9 سەرماوەز 2723

پاش کۆتاییهاتنی ئاگربەستی چوار ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئازادکردنی بەبارمتەگیراوان، هەر دوو لایەنەکە ڕایانگەیاند کە بۆ جاری دووهەم و بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر، ئاگربەستەکەیان درێژ کردووەتەوە.

سەرچاوەکان سەبارەت بە درێژکرانەوەی ئاگربەستەکە باس لەوە دەکەن کە حەماس لیستێکی نوێی بە ئیسرائیل داوە و باسی لە ئازادکردنی بارمتەکان کردووە. نێتانیاهوو و کابینەکەشی لەمبارەوە بڕیاریان داوە کە ئەگەر حەماس لیستێکی نوێیان پێ نەدات، دوای ئاگربەستەکە شەڕ دەست پێدەکەنەوە.

ئەم ئاگربەسەتە کە حەوتووی ڕابردوو بە نێونجیگەریی قەتەر، میسر و ئەمریکا بڕیاری لەسەر درابوو، بووە هۆی ئازادکرانی دەیان کەس لە هەردوولا و گەیشتنی ڕێژەیەکی زۆری یارمەتی مرۆیی و تەندروستی و سووتەمەنی بۆ نێو غەززە.

شەڕی ئیسرائیل و حەماس پاش هێرشی چەکدارانی حەماس لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەڕی ئەمساڵ بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دەستی پێکرد و پاش ٥٤ ڕۆژ لە تێپەڕبوونی، نزیکەی ١٥ هەزار فەلەستینی و هەزار و ٢٠٠ ئیسرائیلی کوژران.