کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا سەبارەت بە جموجووڵی هێزەکانی سەر بە ڕێژیم لە سووریە نیگەرانە

12:21 - 9 سەرماوەز 2723

دەوڵەتی بریتانیا بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێک نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە  خراپتربوونی دۆخی سووریە دەربڕی.

جەیمز کاریوکی، نوێنەری بریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە هێرشەکانی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دژی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژی داعش جێگەی نیگەرانییە.

کاریوکی وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستی گرنگیدانی نێونەتەوەیی بەم وڵاتە وتی: بەپەلە پێویستمان بە کەمکردنەوەی کێشە ناوچەییەکان هەیە. دوای ١٣ ساڵ ململانێ، توندوتیژی لە سووریە گەیشتووتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا.

کاریوکی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان سەبارەت بە دەسپێکردنەوەی کەڵکوەرگرتن لە پێگە هەواییەکانی لازقییە بۆ ناردنی چەکوچۆڵ، نیگەرانیی دەربڕی.

ناوبراو، داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد کە پاشەکشە بکات و داوای لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و لەوانە دەمێشق و مۆسکۆ کرد،  کە سەقامگیری و ئاسایش لە سورییە بپارێزن.

ئەم ڕاگەیندراوە لە کاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە هێزە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی هێزەکانی سووریەی دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژاوا و لە ئەنجامی ئەو پێکدادانانەدا دەیان کەس کوژراون.