کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسێدارەدرانی خۆپیشاندەران و منداڵانی لە ئێران مەحکووم کرد

18:37 - 9 سەرماوەز 2723

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە لەسێدارەدرانی مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ و هەروەها خۆپیشاندەرێکی تەمەن ٢٢ ساڵ، لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە نیگەرانیی خۆی دەربڕی و داوای لە ڕێژیم کرد کە بە زووترین کات سزای لەسێدارەدان بوەستێنێ.
ئێلیزابێت تراسێل، وتەبێژی نووسینگەی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئاماژە بە لەسیدارەدرانی مێرمنداڵێک لەلایەن ڕێژیمەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، باسی لەوە کرد کە ئێران دەبێ پابەندنی کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی پێشگرتن لە حوکمی لەسێدارەدران بۆ کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بێت.
تراسێل لەمبارەوە وتوویەتی ئێران لەو وڵاتانەیە کە زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدرانی تێدا جێبەجێ دەکرێ و ئەم سزایە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان جێبەجێ دەکرێت. 
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە سزای لەسێدارەدان لە نێوان کەمینەکاندا بە شێوەی بەرچاو جێبەجێ دەکرێت.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٧ی سەرماوەز، تەنیا لە زیندانی ناوەندیی ئیلامدا، سێ کەس لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون.