کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

18:52 - 9 سەرماوەز 2723

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ۱٤۰۲ی هەتاوی، کاک بەهجەت ئازادیخا، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەندامی ئەو حیزبە، بەهۆی وەستانی دڵ لە تەمەنی ٦۲ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بەهجەت ئازادیخا کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی شارەدێی دزەی مەڕگەوەڕ لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ڕیزەکانی  حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا پێشمەرگایەتیی کردووە و لە چەندین بەرگریی قارەمانانەدا بەشداری کردووە.

ناوبراو دواتر ماوەی چەند ساڵ لە ڕۆمادی و ناوچەکانی دیکەی باشووری کوردستان وەک ئەندام خزمەتی بە حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان کردووە.

کاک بەهجەت پاشان ڕووی لە وڵاتی سوید کردووە و زیاتر لە ۲۰ ساڵ لەوێ نیشتەجێ بووە و ١٠  ساڵ پێش ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و لە ڕیزەکانی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبدا لاپەڕەیەکی نوێی لە خەباتی خۆی هەڵداتەوە.

بەهجەت ئازادیخا تا دوایین چرکەساتەکانی ژیانی وەفادار بە حیزبی دێموکرات و ڕێبازی شەهیدان مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک بەهجەت ئازادیخا، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.