کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات، بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ، کۆچی دوایی کرد

19:17 - 9 سەرماوەز 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی سەرماوەز، کاک هەمزە قادری ناسراو بە هەمزە زاواکێوی بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە نزیک سەیداوێی بۆکان، کۆچی دوایی کرد.

هەمزە قادری ساڵی ١٣٤٣‌ی هەتاوی لە گوندی زاواکێوی بۆکان لە دایک بووە و سەرەتای ساڵی ١٣۵٩، بووەتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٥٩دا، لە شەڕێکی قورس لەگەڵ بەکرێگیراوان لە هەژدەدۆڵانی بانە، بە قورسی بریندار بوو. کاک هەمزە یەکێک لەو پێشمەرگە بریندارانە بوو کە لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر نێردرابوویە وڵاتی فەرانسە.

ناوبراو سەرەڕای ڕاسپاردەی د. قاسملوو بۆ مانەوە لە فەرانسە و چاکبوونەوە، گەڕایەوە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب و بۆ جاری دووهەم  لە ٢٢‌ی خاکەلیوەی ١٣٦٢‌ی هەتاویدا لە کاتی هەڵمەت بردن بۆ سەر هێزەکانی دوژمن لە دەوروبەری گوندی سارتکە بریندار بوو.

کاک هەمزە بۆ جاری سێهەم لە شەڕێکی نەخوازراو و قورسدا، لە بەرزاییەکانی دارساوێن و بێکەژ، بریندار بوو.

کاک هەمزە کەسایەتییەکی بەڕێز و خۆشەویستی خەڵک و پێشمەرگە بوو و دوای چەند ساڵ پیشمەرگایەتی بە هۆی هەندێ هۆکاری تایبەتەوە، گەڕایەوە نێوخۆی وڵات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی دوایی کاک هەمزە، سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.