کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

23:15 - 9 سەرماوەز 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی له درێژەی دیدار و کۆبونەوەکانی ڕابردوویاندا، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی بەرێز کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە سەرپەرەستیی بەڕێز کاک برایم عەلیزادە، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە، کۆ بوونەوە.

 کۆبوونەوەکە چەند بابەتی گرینگی لەخۆ گرتبوو؛ لەوانه بارودۆخی سیاسیی ئێران و ئەگەر و پێشهاتە سیاسییەکان، بارودۆخی کوردستانی ئێران و پێویستیی هاواهەنگی و پەرەپێدانی هاوکاریی نێوان هێزە پێشکەوتنخوازەکان لەپێناو بەڕەوپێشبردنی خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان، هەڵوێستی حیزبەکان بەرانبەر بە زەخت و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەمەبەستی بەرتەسککردنەوەی چالاکیییە سیاسییەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی باشووری کوردستان و هەروەها پێویستیی پەرەپێدانی هاوکاریی نێوان هەر دوو حیزب بەتایبەت لەسەر پرسە چارەنووسسازە سیاسییەکان.

لە درێژەی ئەم دیدارە هاوبەشەی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەدا، وێڕای قسەکردن لەسەر هەرکام لەم باس و تەوەرانە، دەرکەوت کە بۆچوون و هەڵوێستەکانی هەر دوولا لەسەر ئەو بابەتانە زۆر لێک نزیکن. لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی سیاسیی ئێران و کوردستاندا هەر دوولا  هاوڕا بوون کە کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بە قۆناعێکی جیاواز و هەستیاردا تێپەر دەبن و بۆ وڵامدانەوە بەم بارودۆخە، پێویستە بەگوێرەی ڕادەی بەرنامە و ستراتێژیی سیاسیی هاوبەش و نزیک لە یەکتر، کێشە لاوەکییەکانی نێو ئۆپۆزیسیۆن وەلا بنرێن و هاوکاری و کاری هاوبەش لە ئاستی پێویستییە سیاسییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستاندا پەرەیان پێ بدرێت کە دیارە ئەو پێویستییە لە کوردستان بە چەند قات زیاتریشە.

سەبارەت بە بابەتی بارودۆخی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی باشووری کورستان، هەر دوولا  لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە هەم زۆرترین هاوکاری و هاواهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێ و هەم لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و نیشتمانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕێگە نەدرێ کۆماری ئیسلامی بتوانێ زەربە لە پێوەندییە سیاسی و مەعنەویییەکانی دوو بەشی نەتەوەی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات. بۆ ئەو مەبەستە هەر دوولا بە هاواهەنگی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵ دەدەن پرسەکە لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان بە لێکتێگەیشتن و وتووێژ چارەسەر بکەن.