کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە چڕتر بووەتەوە

10:25 - 15 خەزەڵوەر 2723

ئیسرائیل مووشەکباران و بۆردوومانەکانی بۆ سەر غەززە چڕتر کردەوە و لە ئاکامدا ژمارەیەک فەلەستینیی تر کوژران.

شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر، ئەرتەشی ئیسرائیل بە چڕی غەززەی بۆردوومان کرد؛ لەم پێوەندییەدا تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند، تاکوو ئێستا نزیکەی ١٠ هەزار کەس کوژراون، کە ٧٠ لەسەدیان ژن و منداڵ بوون، هەروەها لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا ئیسرائیل بە بۆردوومانەکانی لە ٢٤ شوێن، ٢٤٣ کەسی کوشتووە.

حەماس ڕایگەیاند، لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە ئیسرائیلییەکان لەنێو غەززە بەردەوامن و شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە ئارادایە.

هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی گەیشتووەتە ٣٤٥ سەرباز و ٢٦٠ی دیکەش بریندار بوون. ئەوانەشی لەنێو غەززەدا کوژراون، ژمارەیان گەیشتووەتە ٢٥ سەرباز.

لەلایەکی ترەوە نیگەرانیی جیهانی لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کوژراوانی خەڵکی سڤیلی غەززە زیاتر دەبێت، بەڵام بێنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دیسانەوە هەڕەشەی کرد کە "تاوەکوو گەڕانەوەی بارمتەکان هیچ ئاگربەستێک نابێت."

پێشتر ئیسرائیل نامیلکە و کورتەنامەی بۆ هاووڵاتییانی سڤیل ناردبوو و داوای لێ کردبوون باکووری غەززە چۆڵ بکەن و بەرەو باشوور بڕۆن، بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکایی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، لانیکەم ٣٥٠ هەزار کەسی سڤیل لەو ناوچەیەدا ماونەتەوە کە ئێستا شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی تێدا لە ئارادایە.