کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل بەڵگەی بەکارهێنانی ژێرخانە مەدەنییەکانی وەک قەڵغانی مرۆیی لەلایەن حەماسەوە بڵاو کردەوە

10:46 - 15 خەزەڵوەر 2723

دانیەل هاگاری، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر لە پرێس کۆنفرانسێکدا، بە نیشاندانی بەڵگە و وێنە لە بنکە و بارەگاکانی حەماس کە لە نزیک  نەخۆشخانەکان، قوتابخانە و باخچەی منداڵان دامەزراون، وتی: "ئەم شوێنە مەدەنییانە لەلایەن حەماسەوە وەک قەڵغانی مرۆیی لە بەرامبەر وڵامی ئیسرائیل بە هێرشە مووشەکییەکانی ئەو گرووپە بەکار دێن."

بەپێی ڕاپۆڕتی "سی ئێن ئێن"، هاگاری بە خستنەڕووی کۆمەڵێ بەڵگە و وێنەی ئاسمانی لە نەخۆشخانەی "ئەندۆنێزی"، لە باکووری غەززە وتی: "ئەم مووشەک هاوێژانە تەنیا ٨٠ میتر تا نەخۆشخانەکە مەودایان هەیە و  دۆزینەوەی لانچی مووشەکی لەوێدا دەرخەری ئەوەیە کە حەماس مووشەکەکانی لەوێوە ئاراستەی ئیسرائیل دەکات."

هاگاری زیادیشی کرد کە "بە پێی ئەم وێنانە دیارە کە چەکدارانی حەماس لە  تونێلێک بۆ گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ نێو نەخۆشخانەی قەتەر کەڵکیان وەردەگرت و تەنانەت لەنێو نەخۆشخانەکەوە تەقەیان لە هێزەکانی ئێمە کردووە."

شایانی باسە کە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەر بە هۆی تەقینەوەیەک لە نەخۆشخانەی "ئەلئەهلیی غەززە"، بەرپرسانی حەماس، ئیسرائیلیان بە کۆمەڵکوژی تۆمەتبار کرد و ڕایانگەیاند کە زیادتر لە ٥٠٠ کەس لەو هێرشەدا کوژراون.

لە بەرامبەردا بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی ئەمریکا کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەبێت بە هەواڵنێرانی وت: "ئەمریکا دەستی بە چەند بەڵگەیەکی بەهێز گەیشتووە کە دەریدەخات ئیسرائیل لە تەقینەوەکەی نەخۆشخانەی ئەلئەهلی دەستی نەبووە و ڕێژەی کوژراوانی ئەو تەقینەوە ١٠ بۆ ٥٠ کەس بووە."